Abdulhameed Husseın Karam
04 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2022
ھەولێر - AA
ئاگر لە ھۆتێلێکی ھەولێر بە ناوی ھۆتێل ھەولێر پلازا کەوتەوە و ماوەی دوو کاتژمێر تیمەکانی بەرگریی شارستانی ھەولێر سەرگەرمی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون کە توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
کاتژمێر ٢٢:٠٠ ئاگر لە ھۆتێل ھەولێر پلازا کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی ھەولێر لە دوای دوو کاتژمێر کۆنترۆڵکردنی ئاگرەیان راگەیاند.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ھەولێر، سەرکەوت کاڕەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شوێنی رووداوەکە گوتی: "لە سەر شەقامی کەرکووک-ھەولێر ھۆتێلێک بە ناوی ھەولێر پڵازا ئاگری تێبەربوو. لەو ھۆتێلە ھاوڵاتییەکی زۆری عەرەب لە ئافرەت و منداڵ تیا بوون، دەستبە جێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی و برینداربوونی لێ نەکەوتەوە، تەنیا حاڵەتی تەنگەنەفەسی ھەبووە و ئەویش ئێستا چارەسەریان وەرگرتووە و ئاگرەکەش کۆنترۆڵ کراوە. و ھیچ مەترسیەک بەسەر شوێنی ئاگرەکە نەماوە".
سەرکەوت کاڕەش گوتیشی: "ئێمە زورترین تەرکیزمان خستە سەر رزگارکردنی ھاوڵاتیان بە ھۆی ئەو دوکەلە زۆرەی لە نھومی شەشەم کۆ ببووەوە،دوای رزگارکردنی ھاوڵاتیان چەند کارمەندێکمان تووشی تەنگەنەفەسی بوون".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی ھەولێر لەبارەی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەشەوە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا ھۆکارەکەی دیارنییە و بەدواداچوونەکانیان بۆ دۆزینەوەی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە بەردەوامە.
ھۆتێلەکە یەکێکە لە ھۆتێلە قەرەباڵخەکانی ھەولێر. چەندین گەشتیاری عەرەب لەنێو ھۆتێلەکەدا بوون، دوای ئاگرکەوتنەوەکە چوونە سەربانی ھۆتێلەکە و لەوێوە رزگار کران.