Cemal Sargati
21 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2017
بە درووشمى "روانینێک لە ئاسۆ، ئومێدێک بۆ ئایندە" لە تەلارى هوونەرى شارى سلێمانى و بە ئامادەبوونى وەزیرى رۆشنبیرى و لاوانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى شەهیدان و ئەنفالکراوان و نوێنەرانى حکوومى و حزبى شارەکە و هونەرمەندان و رۆشنبیران، 9 یەمین ساڵیادى دامەزراندنى سەنتەرى هاوبەشى لوڕ بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا سەرۆکى سەنتەرى هاوبەشى لوڕ، جەبار یاوەر رایگەیاند "ئامانجى ئەم سەنتەرە رێکخستنى شیرازەى کۆمەڵایەتى گشت ئامۆزاکانى لوڕە بەبێ جیاوازى ئایین و مەزهەب و لایەنى سیاسى و کۆمەڵایەتى کە لە ناوچەکانى وەک خانەقین، هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزور، سلێمانى، بازیان، چەمچەماڵ، کەرکووک، لەیلان و دوزخورماتوو و چەندین ناوچەى تر".
گوتیشى: "ئێمە ئامانجمان بوو کە گرووپێکى هونەرى ئەکادیمى دابمەزرێنین و لە ئێستاشدا توانیومانە ئەو گرووپە دابمەزرێنین و چەندین چالاکى هونەریمان ئەنجام داوە کە ئەوەش بۆ زیاتر پشتیوانى کردنى هونەرمەندانە لە هەرێمى کوردستان و یەکێکى تر لە ئامانجەکانمان گرێدانى پەیوەندییە نەتەوەیى و کۆمەڵایەتى و پتەوکردنى ئەو پەیوەندییانەى کە لەنێوان گشت پێکهاتەکانى لوڕ لە گشت ناوچەکاندا".
پاشان وەزیرى رۆشنبرى و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خالید دۆسکى وتارێکى پێشکەش کرد و پیرۆزبایى لە سەنتەرەکە کرد و داواشى کرد زیاتر و باشتر کار بکەن بۆ ئەوەى ئەو سەنتەرە برەوى پێ بدرێت و کارى جوانتر ئەنجام بدات.
پاشان وەزیرى رۆشنبرى و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "بوونى ئەم سەنتەرە گرنگى و تایبەتمەندى خۆى هەیە کە زیاتر خزمەتى لوڕ دەکات".
بەڕێوەبەرى سەنتەرى هاوبەشى لوڕ، سیروان جەلال لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەگەرچى لە ئێستادا هەرێمى کوردستان لە قەیرانێکى قورسدایە بەڵام سەنتەرى هاوبەشى لوڕ بەردەوامە لە کارکردن و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین".
گوتیشى: "هەموومان دەزانین لە ئێستادا عێراق و هەرێمى کوردستان رووبەڕووى شەرێکى قورس بوونەتەوە ئەویش شەرى داعشە کە پێویستە ئیرادەیەکى بەهێزمان هەبێت بۆ لەناوبردنى ئەو گروپە، هەروەها دەبێت بۆ ئەوەى ئیرادەیەکى بەهێزمان هەبێت ،دەبێت بەردەوامبین لە خزمەتکردنى کولتوور و فەرهەنگى کوردى بۆ ئەوەى لە داهاتوودا گرووپی هاوشێوەى داعش دروست بەبێت کە ئەوەش ئەرکى ناوەندە رووناکبیرییەکانە کە دەبێت ئەو کارە بکەن تاکو ئەو فیکرە لەناو ببرێت".
سیروان جەلال ئەوەشى گوت: "ئێمە وەک سەنتەرى هاوبەشى لوڕ بەرنامەمان هەیەکە لە داهاتوودا خزمەتى زیاترى کولتوور و فەرهەنگى کوردى بکەین".
سەنتەرى هاوبەشى لوڕ لە ساڵى 2008 لە پێناو برەودان بە کایەى رۆشنبیرى و کولتوورى فەرهەنگى و زانستى و کۆمەڵایەتى دامەزراوە، ئەم سەنتەرە خەبات دەکات لە پێناو یەک ریزى سەرجەم پێکهاتەکان دژى هەموو دەمارگیری و توندوتیژیەک دەوەستێتەوە، سەنتەرى هاوبەشى لوڕ هاوشێوەى سەنتەرەکانى تر لە چەند بەشێک پێکهاتووە، ئەم سەنتەرە چەندین کار و چالاکى لەماوەى دروست بوونیدا ئەنجام داوە و لە ئێستاشدا کە 9 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕ دەبێت مەراسیمێکى بەو بۆنەیەوە ئەنجام دا".