Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2017
سلێمانی AA
بەهۆی كاریگەری شەپۆلێكی پاڵەپەستۆی بەرزەوە كە لە توركیاوە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بووەتە هۆی بارینی باران لە سەنتەری شارەكان و بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان. لەم كاتەشدا هاووڵاتییان بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش روو لە ناوچە شاخاوییەكان دەكەن و خۆشحاڵن بە بارینی بەفر.
بەهۆی كاریگەری ئەو شەپۆلەوە بەرزاییەكانی دەورووبەری شاری سلێمانی بەتایبەتی چیای ئەزمەڕ و ناوچەكانی شارباژێڕ (باكووری سلێمانی) بەفر گرتوونیەتییەوە و چیا و دۆڵ دەشتەكان بەرگی زیوینی سپیان پۆشیوە، ئەوەش هاووڵاتییان دڵخۆش دەكات و بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و گرتنی وێنەی یادگاری و یاری بەفرینە روو لەو ناوچانە دەكەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە "بەهۆی هاتنی بەرزە پاڵەپەستۆیەك لە توركیاوە كەشوهەوای ئەمڕۆی هەولێر و سلێمانی ئاسمان هەور و باراناوی دەبێت. لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانی ئەو دوو پارێزگایەش بەفر دەبارێت، بەڵام لە كاتی ئێوارەدا ئاسمان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت. پلەکانی گەرما لە هەولێر لەنێوان 5 بۆ 11 پلەی سەدی دەبێت، كەشوهەوای سلێمانی ساردتر دەبێت و لەنێوان 5 بۆ 9 پلەی سەدی دەبێت".
نزار محەمەد ( تەمەن 45 ساڵان) ئاوارەیەكی كوردی سووریایە و ماوەی سێ ساڵە بەهۆی دۆخی وڵاتەكە و پەلاماری هێزەكانی سووریاوە بۆ سەر شارەكان لەگەڵ خێزانەكەی ئاوارەی هەرێمی كوردستان بووە و لە شاری كەركووك نیشتەجێیە، ئەو لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی لە شاری كەركووكەوە بەسەردان بۆ بینینی دیمەنی بەفر بارین و لەبیركردنی دۆخی ناهەمواری سووریا و ئازارەكانی ئاوارەیی، هاتبوونە سلێمانی و روویان لە ناوچەی سیتەك (ناوچەیەكی گەشتیارییە دەكەوێتە دامێنی چیای ئەزمەڕ) كردبوو.
نزار كە سەرقاڵی شەڕە بەفر و دروستكردنی شێرە بەفرینەبوو لەگەڵ منداڵەكانی لە بارەی بەفربارینەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەگەڵ خێزانەكەم بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش هاتوینەتە ئێرە و كە زانیمان بەفر دەبارێت روومان لەم ناوچەیە كرد، وەك پەنابەرێك نیگەرانم بەدۆخی سووریا و ئیشوكار نییە، بەڵام لێرە تا رادەیەك باشترە و ئەگەر ئیشێك هەبێت دەیكەین".
محەمەدی تەمەن 13 ساڵان (كوڕی نزار) بەهۆی یاری و شەڕە بەفرەوە هیلاك بووبوو، ئەوخۆشحاڵ بوو بەسەردانی خێزانەكەی بۆ سلێمانی و بەسەربردنی كاتێكی خۆشتر لەناو بەفر و ئەندامدانی یارییە بەفرینەكاندا، بەڵام بەنیگەرانییەوە باسی لەوە كرد كە بەهۆی ئاوارەییەوە تائێستا نەیتوانیوە لەو شارە بچێتە خوێندنگە و درێژە بەخوێندن بدات، ئەوەش ئەو و خێزانەكەشی زیاتر نیگەران كردووە.
لەكاتی وەرزی سەرما و بارینی بەفردا هاووڵاتییان زیاتر روو لەو خواردنانە دەكەن كە وزەیەكی گەرمی زیاتریان تێدایە ، شێلم یەكێكە لە خواردنە زستانەییەكان و لە كاتی بەفربارین و سەرما و سۆڵەدا بازاڕ و ئەو ناوچانەی هاووڵاتییان لە كاتی بەفرباریندا سەردانی دەكەن دەبێتە بازاڕێكی گەرمی شێلم فرۆشان.
چۆمان محەمەدی تەمەن 25 ساڵان ماوەی چەند ساڵێكە سەرقاڵی ئەو كارەیە، ئەو بۆ ئانادۆڵو گوتی: "لەم كاتانەدا كە بەفر ئەم ناوچانە دەگرێتەوە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان لە چین و توێژە جیاجیاكان روو لەم ناوچە بەرزانە دەكەن كە بەفر دەیگرێتەوە، لەم كاتانەشدا شێلم زیاتر دەخۆن بۆ خۆگەرمكردنەوە و وزەیەكی زیاتریان پێدەدات".