پەروەردەیی, عێراق

نێچیرڤان بارزانی: "لە هەرێمی کوردستان خوێندنی پیشەیی لاوازە"

Heman Hussein Yaseen  | 19.09.2021 - نوێکردنەوە : 21.09.2021
نێچیرڤان بارزانی: "لە هەرێمی کوردستان خوێندنی پیشەیی لاوازە"

Arbil

هەولێر - AA​​​​​​​

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی پەروەردەیی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دھۆک، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت پەلە بکرێت لە چاکسازییەکان لە سیستەمی پەروەردەدا، جەختی لەوەش کردەوە کە لە سیستەمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، راشیگەیاند کە خوێندنی پیشەیی لە هەرێمی کوردستان لاوازە.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پێشکەوتنەکان ئەوەندە خێران، ناکرێت دەست بە میتۆدی کۆنی خوێندنەوە بگرین و بەردەوام بین، تا رۆژێک زووترە، دەبێت بکەوینەخۆ و لە کەرتی پەروەردە دەست بە چاکسازی بکەین".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "لە گەشتەکەی چەند رۆژی رابردووم پەلەم کردووە، بۆ ئەوەی بەو کۆنفرانسە را بگەم کە تایبەتە بە بابەتی پەروەردەیی و ئەم تەوەرەیەش رۆڵێکی گرنگی لە گەشەکردنی ئێستا و داھاتووی نەوەکانمان ھەیە، پەروەدە بنەمای سەرەکی هەموو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووە، سیستەمێکی دروستی پەروەدەریی گرەنتی داهاتووی نەوەکانمانە، خوێندن لە ھەرێمی کوردستان ھەر لە قۆناغی باخچەی منداڵانەوە تا بنەڕەتی و ئامادەیی و خوێندنی باڵاش، پێویستی بە چاککردن و چاکسازی ھەیە، بەشێوەیەک لەگەڵ ستاندارد و پێوەری ئەمڕۆی جیهانییدا بگونجێت و بتوانین هاوشانی ئەو پێشکەوتنە خێرایانە بێت کە رۆژانە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا دێتە پێش".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا و سیستەمی پەروەردە کرد و رایگەیاند "زانست و تەکنەلۆژیا هێندە بەخێرایی پێشدەکەون، ئەگەر بەخۆمان نەکەوین وهەوڵنەدەین لەگەڵیان بڕۆین، ئەوا دەمێنینەوە، پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیا چەمک و بەهای نوێ لەگەڵ خۆیان دەهێنن و دۆخی نوێی سیاسیی و ئابووری کۆمەڵایەتی دروست دەکات، روون و رەوانە کە ناتوانین دەست بە میتۆد و شێوازی کۆنی پەروەردەوە بگرین و دەبێت تا زووە چاکسازی لە سیستەمی پەروەردە دا بکەین و ئەوەندە شوێن و پێگەی باشتر بۆ داهاتووی وڵاتەکەمان دەستەبەر دەکەین".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێشخەریی ئەم کۆنفرانسە لە دھۆک بڕیارێکی گرنگ و بوێرانەیە و گوتی: "بۆ ئەوەی گرفتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دیاریی بکرێن لە چوارچێوەی گۆڕانگاری کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، سیاسیی، ئاسایش و تەکنەلۆجیای نوێ بێت، دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکانمان، واتای باوەڕبەخۆبوونی ئێمە دەگەیەنێت".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "دەبێت بوێرانە لە بڕیاری رابردوومان بکۆڵینەوە و بیانخیەنە ژێر تیشکی زانستی، تا یارمەتمان بدات، تێبگەین و بزانین لە کوێ شکستمان ھێناوە و لە کوێ سەرکەوتووین، ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە، پەروەردەیەکی نوێی دەوێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "پیشە و شارەزایی ٢٠ یان ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەوانەیە ئێستا ھەمان رۆڵ لە ژیانی زۆر کەس لە ئێمەدا نەبینێت، ئەمە پرۆسەیەکی سرووشتیی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە. پرۆسەی ھەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە و دەستنیشانکردنی کەموکوڕەییەکانمان واتای باوەڕ بەخۆبوونی ئێمە دەگەیێنێت، واتە وەک حکوومەت و وەزارەت، بەرپرس و پەیوەندیدار، وەکو گەل و تاکی ئەم نیشتمانە لەگەڵ خۆماندا راستگۆ دەبین".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی نموونەی وڵاتی ھیندستانی ھێنایەوە و پرسی: "بۆچی خەڵکی ھیندستان، وڵاتی چین، کۆریای باشوور بە نموونە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا سەرکەوتووانە لە وڵاتی خۆیان و لە ئەورووپا و ئەمریکا سەردەستی تەکنەلۆژیا، زانست، بازرگانی، سەرمایەداری، داھێنان، جوانکاری و جوانخوازین؟، وڵاتێکی وەک ھیندستان بە نموونە سەرباری مێژوویێکی درێژی ھێرشی دەرەکی و دابەشبوون و کەمدەرامەتی و ھەژاری و زۆری ژمارەی دانیشتووانی، پاش چەند ساڵ تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندنی بەردەوام، ھەنگاوی زۆر گەورەی ھەڵنا. ئێستا کەم کۆمپانیای جیھانی ھەن کە شارەزاو پسپۆری ھیندیان تێدا نەبێت".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ھۆی سەرەکیی دەستپێکی ئەو سەرکەوتنە گۆڕانکاریی بنەڕەتی و سەردەمیانەی سیستمی پەروەردە بووە لە ھەموو ئاست و قۆناغەکاندا. حکوومەتی ھیندستان بە ھاوکاری نێودەوڵەتی و کادری خۆماڵی و ھاوئاھەنگی لەگەڵ لایەن و ئاستی پێویست، پرۆسەی چاککردن و چاکسازی کردە مۆرکی سەرھەڵدانەوەی توانای وڵاتەکەیان. ھەمان پرۆسە لە کۆریای باشوور، سەنگاپوور، چین، فینلاند، شانشینی ئوردن، رواندا و چەندین وڵاتی دیکە دووبارە بووەتەوە".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەکردەوە کە نابێت پلانی چەند ساڵی داهاتوو بمانترسێنێت و رایگەیاند "دەبێت ئێمەش بە جۆرێک بیر بکەینەوە پلانی ٢٠ ساڵ و ٣٠ ساڵی داهاتوو نەمانترسينێت و با کوردستان بکەینە بەشدارییەکی بوێر لەبواری پەروەردە و تەکنەلۆژیا و ئەندازیاری و بیرکاری، پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن لە باخچەی ساوایان تا تەواوکردنی زانکۆ وەک یە بێت و کەسێک بەرهەمبێت کە کەسێکی بڕوابەخۆبوو، سەرکردە، ئازاد و رەخنەگر و بڕیاردەر، بڕوای بە ئاڵوگۆڕ و لێکتێگەیشتن هەبێت".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "نیاز و خواستی پێداچوونەوە بە کەرتی پەروەردە و باشترکردنی کەرتی خوێندن لە هەرێمی کوردستان، تازە نییە، بۆ ئێستا و داهاتووش دەبێت بەجددی کاری لەسەر بکرێت و بەپێی توانا بەردەست بێت و ببێتە یەکێک لە کارە هەرە لە پێشینەکان و بۆ ئەمە پێشتریش چەندین هەنگاونراون وەک کۆنفراسەکان کە ساڵی ٢٠٠٧ وەک گۆڕانکاری لە هەموو روویێکەوە لە سیستەمی پەروەردە دا کرد، هەروەها ئامادەکاردنی پڕۆژەیاسایەک لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە فەلسەفەی بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و کاروباری مامۆستایان و قوتابییان لەخۆ دەگرێت، بەڵام کاتی خۆی لە پەرلەمان کاری لەسەر نەکرا، ئێستا حکوومەتی هەرێم نوێی کردووەتەوە بۆ ئەوەی بنێردرێتە پەرلەمان کە هەنگاوێکی باش و جێی دەستخۆشییە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە لاوازیی خوێندنی پیشەیی دا و گوتی: "لە هەرێمی کوردستان خوێندنی پیشەیی لاوازە و لەسەدا پێنجی کاری بیانیی لە هەموو شوێنەکانی وەک هۆتێل و کارگەکان لەدەست ئەوانە لە کاتێکدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان خوێندنی پیشەیی لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و بۆ ئامادەکردنی دەستی کاری پێشگەریی پێویستییمان بە کاری زیاتر و قوتابخانەی زیاتر و پەیمانگای پیشەیی هەیە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن