پەروەردەیی, عێراق

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان: "لەدوای کۆرۆنا قۆناغی قەرەبووکردنەوەی جددی لەڕووی پەروەردەیی دەستپێدەکەین"

کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەهێزکردنی پەروەردە و ئەزموونی ناو پۆل لە جیهانی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بە بەشداری ٣٩ وتاربێژ لە ٢٩ پەیمانگای نێودەوڵەتی و بە بەشداری چوار هەزار کەس لە ٦٥ وڵاتی جیاوازی دنیاوە بەشێوەی ئۆنلاین لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

Hawkar Yaseen  | 17.05.2021 - نوێکردنەوە : 22.05.2021
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان: "لەدوای کۆرۆنا قۆناغی قەرەبووکردنەوەی جددی لەڕووی پەروەردەیی دەستپێدەکەین"

Arbil

هەولێر - AA

بە پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەهاوکاری باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا و کۆنسولخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەهێزکردنی پەروەردە و ئەزموونی ناو پۆل لە جیهانی دوای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)دا لە هۆتێل رۆتانا لە هەولێر بەڕێوەچوو.

کۆنفرانسەکە لە چوارچێوەی کارەکانی یونیسکۆ بەڕێوەچوو و لەلایەن ١٧ زانکۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و چوار لایەنی پەروەردەیی نێودەوڵەتی سازدراوە و پاڵپشتی دەکرێت.

تیایدا ٣٩ وتاربێژ لە ٢٩ پەیمانگای نێودەوڵەتی، ٤١ سیمینار بەشێوەی ئۆنلاین بە هەرسێ زمانی کوردی،عەرەبی و ئینگلیزی پێشکەش دەکەن، بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەشدا چوار هەزار کەس لە هەزار و ٥٠٠ پەیمانگای جیاواز لە ٦٥ وڵاتی دنیاوە خۆیان تۆمارکردووە بەشێوەی ئۆنلاین لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربن.

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی کۆنفرانسەکە رایگەیاند "ئەم کۆنفرانسە بۆ قسەکردنە لەسەر ئامادەکاری بۆ چۆنییەتی خۆئامادەکردن و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا لەدوای کۆتایی هاتنی سەردەمی کۆرۆنا، لەڕووی چۆنییەتی ئیدارەدانی ناو پۆل و چۆنییەتی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەسەر کەرتی پەروەردە و فێرکردن".

دەربارەی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە هەرێمی کوردستان وەزیری پەروەردە گوتی: "دوێنێ خوێندنی ناو پۆل لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام با وانەزانرێت دوێنێ قوتابخانە کراوەتەوە لە ٢٧ی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە ئێمە قوتابخانەکانمان بۆ پۆلی ١٢ کردووەتەوە و لە ١٠ی تشرینی یەکەم بۆ قۆناغی یەک و دووی بنەڕەتی قوتابخانەمان کردووەتەوە و دواتریش بە چەند قۆناغێک بەپێی دۆخەکە دەرگای قوتابخانەکان کراونەتەوە یان بە خوێندنی ئەلیکترۆنی پرۆسەکە بەردەوام بووە، دوێنێ جارێکی دیکە پرۆسەکە لەناو قوتابخانەکان دەستیپێکردەوە جگە لەوەی ئەگەر کەشوهەوا گەرم بێت و گرفتی گەرمامان بۆ دروست بێت، بەڵام ئێستا پرۆسەکە بەهیمەتی مامۆستایان بەباشی بەڕێوەدەچێت و هەوڵەکە بۆئەوەیە ئەو پرۆگرامانەی کە دیاریکراون لەکاتی خۆیدا تەواوبکرێت بۆئەوەی تاقیکردنەوەکان دەستپێبکرێت بۆ ئەمساڵی خوێندن".

گوتیشی: "بەگوێرەی توانا ئامێری فێنککەرەوە بۆ قوتابخانەکان دابین دەکەین، بە پەروەردەکانمان وتووە هەر پێویستییەکیان هەبێت پێمانبڵێن تاوەکو بەگوێرەی توانا هەوڵدەدەین ئامێرەکانی فێنککەرەوەیان بۆ دابین بکەین، بەڵام کاتەکە خۆی کاتێکی کەمە بەهەمووی مانگێکمان لەبەردەستە بۆ پرۆسەی خوێندن، ئێمە خۆمان رامان لەسەر خوێندنی ئەلیکترۆنی بوو، بەڵام داواکارییەکی جەماوەری هەبوو لەسەر گەڕانەوە بۆ خوێندنی ناو پۆل و گوترا خوێندنی ناو پۆل باشترە لەبەر ئەوە بە هیمەتی هەموولایەک هەوڵدەدەین لەو قۆناغەش دەربازبین و پرۆسەی خوێندی ئەمساڵیش بە سەرکەوتووانە کۆتایی پێبهێنین و ئەوەشی لەسەر وەزارەت بێت ئێمە درێغی ناکەین".

وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید دەربارەی دابینکردنی ڤاکسین بۆ مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی پەروەردە رایگەیاند "بەسوپاسەوە وەزارەتی تەندروستی لەسەر داوای ئێمە مامۆستایانیان لە ریزی پێشەوەی ئەو کەسانە داناوە کە ڤاکسین وەربگرن لە هەموو دنیا ریزبەندی هەیە بەپێی پێویستی چینەکانی کۆمەڵگا و لە ریزبەندییەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان مامۆستایان لە پلەکانی پێشەوە حسابیان بۆکراوە".

دەربارەی ئەوەی بەهۆی دۆخەکەوە چ هاوکارییەکی خوێندکاران کراوە بۆئەوەی بتوانن لەگەڵ قۆناغەکە خۆیان بگونجێنن، وەزیری پەروەردە رایگەیاند "ئەو هاوکارییەی کە کراوە ئەوەیە کە پرۆگرامەکانیان بۆ دیاریکراوە، واتە ئەگەر قوتابییەک ساڵانی رابردوو لە پرۆگرامێکی ٢٠٠ لاپەڕەیی تاقیکردنەوەی کردبێت ئەمساڵ پرۆگرامەکانی بۆ دیاریکراوە وە بەهەمان سیستەمەکانی پێشوو کە نمرەی بڕیار و ئەو شتانەی دیکە هەبووە بەهەمان شێواز دەڕوات و تاقیکردنەوەش لەناو قوتابخانەکان دەکرێت".

گوتیشی: "ئەم قۆناغەی ئێستا تێی کەوتووین ئینشائەڵڵا بەسەرکەوتوویی دەربازی دەکەین لەپاش ئەوەش هەنگاو دەبێت بۆئەوەی قەرەبووکردنەوەیەکی جددی دەستپێبکەین، ئەگەر دۆخی کۆرۆنا لێمانبگەڕێت دایکان و باوکان دڵنیادەکەم لەڕووی پەروەردەیی ئەوەی پێمان بکرێت دەیکەین و منداڵەکانیان لەدەستێکی ئەمین دەبن بۆئەوەی خزمەت بکرێن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın