مەخموور
فەرماندە لە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان سوبحی باکرمانی لە گوندی سوڵتان عهبدولڵا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوێنێ شەو ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیان کرده سهر هێزەکانی سوپای عێراق و دوای راکردنی سوپای عێراق، هێزی پێشمەرگە توانیویەتی گوندەکە بپاریزێت و نەهێڵێت بکەوێته دەستی داعش".
ئەو فهرماندیهی پێشمهرگه روونیشی کردەوە كه نزیکەی هەزار سەربازی فەوجی دووی لیوای پێنجی سوپای عێراق ئەرکی پاراستنی گوندی سوڵتان عهبدولڵایان پێ سپێردرابوو، لەگەڵ هیرشی داعش هەڵاتوون و ژمارەیەک پێشمەرگە کە لە نێو گوندەکە بوونە توانیویانە رێگە لە پێشڕەوی داعش بگرن و گوندەکە بپارێزن.
کرمانی گوتی: "چوار پێشمەرگەی کوردستان لەو شەڕە بریندار بوونە و پاشان هیزی پشتیوانی گەیشتوونەتە گوندەکە و رێگەیان نەداوە ئەو گوندە عەرەبنشینه بکەوێتە دەستی داعش".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە هەروەها گوتی: "شەڕی دوێنێ شەو تا ئێستاش بەردەوامە و داعش لە رێگهی چوار خۆکوژەوە هێرشی كردووەته سەر گوندەکە و زیانی زۆری بەرکەتووە و ئێستاش پێشمەرگە پێشڕەوی زیاتری کردووە و ناوچەکان لە چەکدارانی داعش پاک دەکاتەوە".
گوندی سوڵتان عەبدولڵا و چوار گوندی دیکەی نزیک لە مەخموور و گوێڕ رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە و یەکەیەکی سوپای عێراقەوە بە هاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان کۆنترۆڵ کرانەوە.
قەزای مەخموور دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای شاری هەولێر و ٦٥ کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری ههولێرەوە دوورە و زۆربەی دانیشتووانەکەی لە کورد و عەرەب پێکهاتوون و بە ناوچەیەکی جێناکۆک له نێوان هەولێر و بەغدا هەژمار دەکرێت.