سلێمانی
له شاری سڵێمانی رێوڕهسمی دهستبهكاربوونی پارێزگاری نوێ بهڕێوهچوو.
دوای كۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمەش كە بە ئامادەبونی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی و بەرپرسانی حكومی و فەرمانگەكانی شارەكە بەڕێوەچوو، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا.
لەسەرەتای كۆنگرە رۆژنامهوانییهكەدا قوباد تاڵەبانی سوپاس و دەستخۆشی لەپارێزگاری پێشووی شارەكە و پیرۆزبایی لە پارێزگاری نوێ كرد و گوتی: "گەشبینم ئەو ڕێكەوتنە سیاسییەی ئێمەی گەیاندە ئەمڕۆ بەردەوام بێ و لێرەدا نەوەستێ و بتوانین ئارامییەكی باشتر بگەڕێنینەوە سلێمانی، هەروەها كێشە سیاسییەكان كەم بكەینەوە و كۆتاییان پێ بهێنین تاوەكو ئەو كەسانەی لەناو حكومەتدان ئیش و كارەكانی خۆیان بكەن".
ئەو ئاماژەی بە بەردەوامی قەیرانی دارایی لەهەرێم كرد و گوتی: "كێشەی دارایی ماوە و دەبێ خۆمان ئامادە بكەین بۆ ساڵێكی زەحمەت و قورس لە 2015 دا ئەوەش پێویستی بەئیدارەیەكی باش و دڵسۆز و كارا هەیە".
جێگری سەرۆكی حكومەت لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەواناندا لە بارەی ڕێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێم گوتی: "ڕێككەوتنەكە ئاشكرایە و هەردوولا دەزانن ئەركیان چییە، ئێستاش لە سەرەتای ساڵی نوێداین و دەبێت هەردوولا پابەند بن بەئەركی خۆیانەوە و ڕێوشوێنەكانیش وەك خۆی بگیرێنه بهر".
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بهوهش كرد كه تا ئێستا بەهۆی چەند كێشەیەكی فەنییەوە كێڵگە نەوتییەكانی كەركووك بە بۆرییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە نەبەستراونەتەوە.
لەبارەی ڕەوانەكردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە لەم مانگەدا گوتی: "ڕێككەوتنمان لەگەڵ بەغدا بەو شێوەیە ئەگەر بودجە پەسەند نەكرا، یەك لە دوازدەی بودجەی پەسەندكراوی ساڵی 2013 وەربگرین كە دواین پڕۆژە یاسای بودجەیە لەپەرلەمانی عێراق پەسەند كراوە".
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی كەمكردنەوەی نرخی سوتەمەنییەوە جێگری سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان گوتی: "ناتوانین بەئاسانی بگەڕێینەوە سەر نرخی پێشوی سوتەمەنی و نرخەكەی كەم بكەینەوە تاوەكو ئەو كاتەی بەسیستمی خۆماندا دەچینەوە، حكومەت پێشتر بڕیاریدا بەبەرزكردنەوەی نرخەكە و كەمكردنەوەی دەعمی سوتەمەنی ئەوەش بەهۆی ئەو دۆخە قەیراناوییەی ڕووی تێكردین و تائێستاش هەر ماوە".
جێگری سەرۆكی حكومەت لەبارەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەوە دواو و گوتی: "بڕیارەكە پێشتر لەلایەن جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی دراوە كە هێزی پێشمەرگە بكرێتە هێزێكی نیشتمانی، بڕیارەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی هەرێم جەختكردنەوەیە لەو بڕیارەی پێشوو، بەڵام یەكخستنەوەكە پێویستە بە بەرنامەیەكی هاوبەش بێت و هەموو لایەنەكان تێیدا بەشداربن و بەشێوەیەك بێ دۆخەكە بەرەو باشتر ببات نەك خراپتر".
لە لای خۆیەوە پارێزگاری پێشوی سلێمانی بەهرۆز محەمەد ساڵح گوتی: "كاتێك لە ساڵی 2010 هاتینە پارێزگا بەهۆی زیادەڕەوی لە پڕۆژەكاندا نەمانتوانی پڕۆژەی ئەوتۆ لەو ساڵەدا جێبەجێ بكەین، ساڵی دواتریش شارەكە رووبەڕووی ململانێی سیاسی بویەوە. هەرچەندە ساڵانی 2013 و 2014 بارودۆخەكە باشتر بوو، بەڵام دیسان لە ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكان پەكیان كەوت و رووبەڕووی چەندین قەیرانی وەك شەڕی تیرۆریستانی داعش و هاتنی بەلێشاوی ئاوارەكان بوینەوە".
پارێزگاری نوێی شارەكەش ئاسۆ فەرەیدون لەبارەی ئیدارەی نوێی شارەكە و پشكی لایەنەكانەوە گوتی: "حكومەتێكی خۆجێیی بنكە فراوان بە بەشداری هەموو لایەنەكان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، پێك دەهێنین".
بە هۆی ململانێی سیاسی نێوان یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ماوەی پێنج ساڵە بەهرۆز محەمەد ساڵح بەوەكالەت پۆستی پارێزگاری شارەكە بهڕێوه دهبات.
دوای هەڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكانی ههرێمی كوردستان له 30ی نیسانی ڕابردوو، هیچ لایەنێك لەو دوو لایەنە نەیانتوانی ڕێژەی پێویستی دەنگ بەدەست بهێنن و پۆستی پارێزگاری سلێمانی یەكلا بكەنەوە ، ئەوەش وایكرد كه دەستنیشانكردنی پۆستی پارێزگاری نوێ حەوت مانگ دوابكەوێت.
بە پێی ڕێكەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەنێوان هەردوولا دوو ساڵ بە دوو ساڵ دابەشكراوە و دوو ساڵی یەكەم بۆ یەكێتی و دوو ساڵی دواتریش بۆ گۆڕان دەبێت.