سلێمانی
خۆپیشاندەرانی سەیدسادق لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممەوە دەستیان دایە گردبوونەوەو داوای گۆڕینی کاربەدەستانی ئیداریی شارەکەیان دەکرد.
دواتر خۆپیشاندەران ڕێگای سەرەکی سلێمانیـ سەیدسادق کە رێگای نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ھەرێمی کوردستانیشە داخست، بەو ھۆیەوە ئاستەنگی زۆر بۆ ھاتوچۆکەرانی رێگاکە دروست بوو.
پاشان خۆپیشاندەران بەرەو باڵەخانەی قائیمقامیەتی قەزای سەیدسادق بەڕێکەوتن، بەو ھۆیەشەوە شەڕوپێکدادانی توند لەنێوان ھێزە ئاسایشپارێزەکان و خۆپیشاندەران دروست بوو. پێکدادانەکەش کوژرانی کوڕێکی گەنجی لەنێو خۆپیشاندەران برینداربوونی زیاتر لە ٢٥ کەسی تری لێکەوتەوە.
سەرچاوەیەک لەنەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی، یەک لەبریندارەکان بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گەیەنرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بەڵام بەھۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لەشاری سەیدسادقەوە گوتی، لەئێستادا ژمارەیەکی زۆری ھێزەکانی ئاسایش لەناو شارەکەدا بڵاوکراونەتەوە و کۆتاییان بەخۆپیشاندانەکە ھێناوە.
سەیدسادق یەکێکە لەو شارانەی کە دەکەوێتە ناو ئەو سنوورەی بڕیارە پارێزگای ھەڵەبجەی لێ پێک بھێنرێ، بەشێکی دانیشتوانەکەی ناڕازین بەوەی بخرێنە سەر پارێزگای ھەڵەبجە و خوازیارن ھەر لەسەر پارێزگای سلێمانی بمێننەوە.
داواکارییەکی تری خۆپیشاندەران بریتییە لەدەست لەکار کێشانەوەی قائیمقام و بەرپرسانی تری شارەکە، پێیان وایە وەک پێویست ئاوڕ لەشارەکەیان نەدراوەتەوە.
سەیدسادق کەوتۆتە ٥٣ کیلۆمەتر لە خوارووی رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی و ساڵی ٢٠١٠ کراوە بە قەزا. ساڵی ١٩٨٨ حکومەتی عێراق دوای راگواستنی دانیشتوانەکەی، تەواوی خانووەکانی رووخاند، دوای ساڵی ١٩٩١ خەڵکەکەی ئاوەدانیان کردەوە.