Cüneyt Karadağ
15 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2026
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، فرێدریش مێرز داوای لە ئێران کرد کە کۆتایی بهێنێت بە پڕۆگرامە ناوەکییە سەربازییەکانی و هەروەها پشتگیری لە میلیشیا چەکدارەکان لە ناوچەکە نەکات و گوتیشی، نابێ ڕێگە بدرێت حووسییەکان ببنە هەڕەشەیەک بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سووردا.
فرێدریش مێرز لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی فالح زەیدی، لەبارەی پرسەکانی ڕۆژەڤی ناوچەکە دوا.
مێرز داوای لە ئێران کرد کە پڕۆگرامە ناوەکییەکانی خۆی کۆتایی پێ بهێنێت و پشتیوانی لە میلیشیا چەکدارەکان ڕابگرێت و گوتیشی: "ئێمە ڕۆژانە لێکەوتەکانی ئەو دۆخە دەبینین. ئێمە هەروەها داوا لە ئێران دەکەین کە چیتر پێکدادانەکان بەرەو عێراق نەگوازێتەوە".
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ڕاشیگەیاند کە ئەوان بە نیگەرانییەوە سەیری دۆخی دەریای سوور دەکەن و گوتیشی: "میلیشیا حووسییەکان ئێستا ناوچە ستراتیژییەکانی نزیک باب مەندەب کۆنتڕۆڵ دەکەن و ئەوان هێرش دەکەنە سەر دامەزراوەکانی وزە لە سعوودیەش".
مێرز وێڕای ئاماژەدان بە کاریگەری ئەو دۆخە لەسەر بازاڕەکانی وزە، لەوانەش ئەڵمانیا، گوتی: "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناتوانێت ڕێگە بە حووسییەکان بدات کە هاتوچۆی دەریایی بە دیل بگرن".
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گوتیشی کە ئەوان سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەوەن کە چۆن بتوانن لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ئەورووپا و ناوچەکەدا، کۆتایی بەو پێکدادانانە بهێنن.
- بوونی سەربازیی ئەڵمانیا لە عێراق ڕۆژی ٣٠ ئەیلوول کۆتایی پێ دێت
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، فرێدریش مێرز لەبارەی بوونی سەربازیی ئەڵمانیا لە عێراق گوتی، ئەرکی هێزەکانیان لە ٣٠ی ئەیلوول کۆتایی پێ دێت.
گوتیشی، ئەوە لەسەر داوای حکوومەتی عێراق بووە و ڕاشیگەیاند: "لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەگەری داواکاری دووبارە، ئەوە ئێمە ئامادەین درێژە بە هاوکارییە سەربازییەکان بدەین".
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا هەروەها بڕیاری عێراق بۆ وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە بەندکراوانی داعش لە سووریای، بە "هەستکردن بە بەرپرسیارێتی باڵا" ناو هێناوە.