Fakhradin Ibrahim Mohammad
15 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2026
گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ هیمداد شاهین ڕادەگەیەنێت، مەبەستیان نییە بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن.
هیمداد شاهین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاندووە کە جووڵانەوەکەیان، "بە هیچ شێوەیەک" بەشداری لە حکوومەتی نوێی هەرێمدا ناکات.
گوتەبێژەکەی نەوەی نوێ ڕاشیگەیاندووە کە ئەوان وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە.
لێدوانەکەی هیمداد شاهین دوای ئەوە دێت کە جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕۆژی ٢ی تەممووزی ٢٠٢٦ بە فەرمی "ڕێکەوتنی سیاسی"یان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان واژوو کردووە و یەکێتیی نیشتمانیش بە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکان لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەژمار دەکرێت.
لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو بەڵام تا ئێستا پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی لە هەرێم نەیانتوانیوە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم ڕێکبکەون.
جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دوای پارتی دیموکراتی کوردستان (٣٩ کورسی) و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (٢٣ کورسی)، خاوەنی ١٥ کورسییە لە پەرلەمانی کوردستاندا.