Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2018
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەشداری یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبەری پەروەردەی سەرجەم قەزاكان و سەرپەرشتیاری یەكەم لە پەروەردەی قەزاكان، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لە بارەی رەوشی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو.
دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، دڵشاد عومەر رایگەیاند، ئەوە دواهەمین كۆبوونەوەیە لەسەر رەوشی پەروەردە و دەوامكردنی ئەمساڵی مامۆستایان ئەنجامی دەدەن و گوتی: "هیچ كاتمان بەدەستەوە نەماوە و وادەكە زۆر ترسناكە و لە هێڵی سووردایە".
ئەو گوتی: "ئێستا وەك ئەركێكی مێژوویی پێویستە بڕیار بدەین، ئەوەش بە هۆی مەترسی دۆخەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر ساڵی داهاتووی خوێندنیش، بۆ خوێندنی ئەمساڵ كاتێكی كەممان ماوە و پێویستە ئەوە تێپەڕێنین و منداڵەكانمان بگەڕێنەوە خوێندنگەكانیان، ئەگەر دوای ئەم داواكارییە و بەیاننامەیە مامۆستایان بەدەم داواكەمانەوە نەیەن، ئەوكات وەڵامی ئێمە دەستلەكاركێشانەوە دەبێت لە پۆستەكەم".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، تاقیكردنەوەی ئەمساڵی خوێندنی پۆلە ناكۆتاییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ 14ی ئایاری داهاتوو دواخراوە.
هەروەها باسی لەوەش كرد، ئەگەر لە میانی ئەم هەفتەیەدا دەوامی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەست پێ نەكاتەوە، ئەوا هەفتەی داهاتوو فەوتانی خوێندنی ئەمساڵ رادەگەیەنرێت.
لە یاداشتی بەڕێوەبەری گشتییەكان كە لە لایەن بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی خوێنرایەوە، تیایدا داوا دەكات لە سبەی سێشەممەوە دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە ، هەروەها داواش لە بەڕێوەبەری خوێندنگەكان دەكات ئاسانكاری بۆ مامۆستایان بكەن لە شێوازی دەوامكردنیان ، مامۆستایانیش دڵنیا دەكاتەوە لەوەی ئەگەر حكوومەت بەردەوام نەبێت لە باشتركردنی مووچە ئەوا ئەوان پێشتر هەڵوێست وەردەگرن.
لە وەڵامی ئەم یاداشتەی پەروەردەی سلێمانی، ئەندامێكی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی، عادل حەسەن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، وەك مامۆستایانی ناڕازی مكوڕن لەسەر بەردەوامی بایكۆت و خۆپیشاندان تا ئەو كاتەی مووچەكانیان بە تەواوەتی و بە بێ پاشەكەوت لەكاتی خۆیدا وەردەگرن.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە دوای كۆتایی هاتنی تاقیكردنەوەی كۆتایی وەرزی یەكەم لە سەرەتای ئەمساڵدا، مامۆستایان دەستیان بە مانگرتن و بایكۆت كردووە و دەرگای خوێندنگەكان داخراوە.