Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2016
ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان وادەی دەست پێكردنی یەكەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنی 2016 – 2017 یە، لە سنووری پارێزگای هەولێر وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و دەست بە پڕۆسەی خوێندن كرایەوە.
ساڵانە لە هەرێمی كوردستان رۆژی 10 ئەیلول وادەی یەكەم رۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنە، پارساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە مامۆستایان نزیكەی دوو مانگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی بایكۆتی دەوامیان كرد، ئەمساڵیش وەزارەتی پەروەردە بەهەمان هۆكار بڕیاری دواخستنی ئەو وادەیەی بۆ ئەمڕۆ دا.
مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی لە بری چونەوە قوتابخانەكانیان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەكانیان دەستیان بە خۆپیشاندان و مانگرتن و بایكۆتی خوێندن كردەوە و لە بری قوتابخانەكان لە سەر شەقام و ناو خۆپیشاندانەكانەوە زەنگی یەكەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندنیان لێدا و بەڵێنی بەردەوام بوونی مانگرتنیان راگەیاند تا ئەو كاتەی حكوومەت وەڵامی داواكانیان دەداتەوە.
لە شاری سلێمانیش سەدان مامۆستا هاتنە بەردەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی و زەنگی ساڵی نوێی خوێندنیان لێدا، ئەوان شەقامی سەرەكی شاڕێی سالمیان داخست كە یەكێكە لە شەقامە سەرەكییەكانی شارەكە و چەندین دروشمیان دژی دواكەوتنی مووچە بەرزكردووەتەوە.
یەكێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكانی مامۆستایانی سلێمانی عادل حەسەن بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند:" ئەمڕۆ لێرەوە زەنگی بایكۆتی ساڵی نوێی خوێندنمان لێدا و تاوەكو حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی داخوازی مامۆستایان نەداتەوە ناتوانن بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن، هیوادارین مامۆستایان هاوكارمان بن تا فشارەكانمان زیاتر بن و حكوومەت وەڵامی داواكانمان بداتەوە".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمڕۆ لە هیچ خوێندنگەیەكی سلێمانی پرۆسەی خوێندن دەستی پێنەكردووەتەوە و مامۆستایان نەچوەنەتەوە قوتابخانەكانیان.
مامۆستایەكی بەشداری خۆپیشاندانەكە گوڵاڵە سدیق بۆ ئانادۆڵو گوتی:" دەبوو ئەمڕۆ زەنگی خوێندنمان لە قوتابخانەكانمان لێدابایە نەك لەسەر شەقام، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكوومەت پاشەكەوتی مووچەی بەسەر فەرمانبەران سەپاندووە و مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش ناکات، بۆیە هاتووینەتە سەر شەقام و لێرەوە زەنگ لێدەدەین".
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش كرد، تاوەكو حكوومەت مووچەكانیان لە كاتی خۆیدا پێنەدات و داواكانیان جێبەجێ نەكات ناچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.
ئەندامێكی لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان عەبدولخالق ماوەتی لە بارەی بڕیاری رێكخراوەكەیانەوە بۆ ئانادۆڵو دواو گوتی: "تائێستا جەخت لەسەر داواكارییەكانمان دەكەینەوە بە دابینكردنی مووچە و گۆڕانكاری لە سیستمی پاشەكەوتی مووچە و بەو شێوەیە زەنگی ئاگادار كردنەوە لێدەدەین".
ماوەتی داوای لە مامۆستایانی هەولێر و دهۆك كرد پێكەوە گوشارەكانیان لەسەر حكوومەت چڕتر بكەنەوە تاوەكو داواكانیان جێبەجێ بكات.
ئەو ئەندامەی یەکێتی مامۆستایان باسی لەوەش كرد، بایكۆتی دەوام و خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی وەڵامی داواكانیان دەداتەوە.
لەلای خۆیەوە وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دکتۆر پشتیوان سادق ئەمڕۆ دوای لێدانی یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە شارۆچكەی مەخموور لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا داوای لە مامۆستایانی سنووری سلێمانی كرد بچنەوە هۆڵەكانی خوێندن و رەتی كردەوە وەزارەتەكەی هیچ رێوشوێنێك بەرامبەر ئەو مامۆستایانە بگرێتە بەر کە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
دکتۆر پشتیوان سادق گوتی:" حكوومەت شەش ملیار دیناری بۆ مامۆستایان زیادكردووە و شتی تریش بەرێگاوەیە و هەوڵەكانمان بەردەوام دەبێت، بایكۆت لە هەندێك شوێنی پارێزگای سلێمانی هەیە و بە بایكۆت كێشەكان چارەسەر نابێت، هەوڵ دەدەین لەم هەفتەیەدا لە هەموو خوێندنگەكان خوێندن دەست پێبكاتەوە".
لە سنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 40 هەزار مامۆستا هەیە ، لەهیچ خوێندنگەیەكی سنوورەكەش خوێندن دەستی پێنەكردووەتەوە.