Selma Kasap
12 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە - AA
پشووی هاوین بۆ نزیکەی ١٩ ملیۆن قوتابی قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ١،٢ ملیۆن مامۆستای تورکیا، کۆتایی هات و ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ دەستی پێ کرد.
بەرلە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، هەفتەی ٥-٩ی ئەیلوول تایبەت بوو بە قۆناغی راهێنان بۆ ئەو قوتابییانەی کە ئەمساڵ دەچنە پۆلی یەکەمی سەرەتایی. لەمڕۆشەوە قۆناغی راهێنان بۆ قوتابییانی قۆناغەکانی ناوەندی و ئامادەیی دەستی پێ کرد و تا ١٦ی ئەیلوول دەخایەنێت.
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٢-٢٠٢٣دا، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، بێبەرامبەر کتێب و ١٣٦ ملیۆن سەرچاوەی یاریدەدەری بۆ قوتابییان، ئامادە کردووە.
بۆ یەکەم جار ئەمساڵ ئەو سەرچاوە یاریدەدەرانەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا بۆ قوتابییانی ئامادە کردوون لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا لەگەڵ کتێبەکانی قوتابخانە ئامادە بوون.
هەروەها ٦٠ هەزار کارگوزار ئەرکی خاوێنکردنەوەی قوتابخانەکانیان پێسپێردراوە و لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی ئەمساڵیشدا بوودجەی ٣،١ ملیار لیرە نێردراوە بۆ قوتابخانەکان.
بە هەمان شێوە لە میانی پڕۆژەی "هیچ قوتابخانەیەک بێ کتێبخانە نەمێنێتەوە"، ١٦ هەزار و ٣٦١ کتێبخانە دروستکراون و ژمارەی کتێبی ناو کتێبخانەی قوتابخانەکان گەیشتووەتە ٨٠ ملیۆن.
لەمساڵیشدا ٢٠ هەزار مامۆستای نوێ دامەزراون.