بەغدا
سەرچاوەیەکی سەربازی وەزارەتی بەرگری عێراق ئاشکرایکرد دوای بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی چەکدارە توندڕۆکان و بەتایبەت رێکخراوی قاعیدە لە بیابانەکانی رۆژئاوای وڵات لە پارێزگای ئەنبار، ھێزەکانی سوپا ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە دژی ئەو چەکدارانەی دەستپێکرد.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ھێزی زیاتریان بۆ پشتگیریکردنی ھێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە و بادیە بەرەو ئەنبار ناردوە بۆئەوەی بەشێوەیەکی رێک و پێک ئۆپەراسیۆنەکە جێ بەجێ بکەن و دووپاتیشی کردەوە کە ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبیت تا چەکدارانی قاعیدە لەو دەڤەرە لەناودەبرێن.
رۆژی چوارشەممە شاندێکی پایە بەرزی سەربازی بە سەرۆکایەتی وەزیری بەرگری عێراق بەوەکالەت سەعدون دلێمی گەیشتە شاری ئەنبار و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ناوچەکە کۆبوەوە و ھەروەھا بەمەبەستی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە فراوانەکە؛ گەڕانێکی لە دەڤەرەکەدا کرد.
جگە لە ھێزە سەربازیەکان؛ ژمارەیەکی زۆری ھۆزەکانی ئەنباریش بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکەن.
بیابانی رۆژئاوای عێراق لە سنوری پارێزگای ئەنبارە و دەڤەرێکی فراوانە دەکەوێتە سەر سنوری عێراق لەگەڵ ھەردوو وڵاتی سوریا و ئوردن، چەکدارە توندڕەوەکان بە تایبەت رێکخراوی قاعیدە بۆ خۆحەشاردان و حەوانەوە و دانانی پلانی ھێرشە جۆراوجۆرەکانیان سودی زۆری لەو ناوچەیە دەبینن.