سلێمانی
وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق (دیندار نەجمان دۆسکی) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی" حکومەتی عێراق دوو کۆمیتەی دروستکردووە بۆ دابەشکردنی ئەو ھاریکارییانەی بەغدا پێشکەشی ئاوارەکانی سوریای کردووەو ئەمڕۆ گەیشتنە ھەولێر تا میکانیزمی چۆنێتی دابەشکردنی ھاریکارییەکان دەست نیشان بکەین".
رۆژی سێشەممە حکومەتی عێراق رایگەیاند: ١٥ ملیار دیناری دابینکرد بۆ ھاریکارییکردنی ئاوارەکانی سوریا لەھەرێمی کوردستان.
لەبارەی ژمارەی ئەو ئاوارانەی تا ئێستا گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان و عێراق، دۆسکی رایگەیاند: ژمارەیان گەیشتووەتە ١٩٠ ھەزارو بەشی زۆریان لەھەرێمی کوردستانن.
دیندار دۆسکی ئاماژەی بەوەکرد ئێستا وەزارەتەکەی سەرقاڵی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزارییە بۆ ئاوارەکان لەکەمپی دۆمیز لەشاری دھۆک کە ٤ پڕۆژەی گەورەیە لەبوارەکانی ئاوو کارەباو ڕێگاو بان و نەخۆشخانەو قوتابخانە بە بەھای ٦ ملیار دینار، بڕیارە لەحەفتەی داھاتوو دەست بکرێ لەو پرۆژانەدا.