دھۆک
دوای ئەوەی پارتی یەکێتی دیموکرات پەیەدە دەرگای سنووریی (تل کۆچەر)یان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، ھەندێک لە پەنابەرە سوریاییەکانی عێراق توانییان لەڕێگەی دەرگای رەبیعەی موسڵەوە بگەڕێنەوە سوریا. پەنابەران لەبەر پووچەڵنەبوونەوەی مۆڵەتیی نیشتەجێبوون کە لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە پێیان دراوە، بە قاچاغ و ناڕەسمی دەگەڕێنەوە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەمشێوەیە ھەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی " لەوەتەی پارتی یەکێتی دیموکرات پەیەدە دەرگای سنووریی تەل کۆچەریان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، پەنابەرە سوریاییەکان لە دەرگای رەبیعەی موسڵەوە دەگەڕێنەوە سوریا."
کارمەندی دەرگای سنووریی پێشخابوور (عارف رەمەزان) بۆ AA گوتی "ئەو پەنابەرە کوردانەی دەیانەوێ بگەڕێنەوە سوریا، لە دەرگای رەبیعەی موسڵەوە دەگەڕێنەوە سوریا. چونکە لەوێوە دەتوانن بە قاچاغ بڕۆن و بگەڕێنەوە. لەبەر ئەو ھۆیە فشار لەسەر پێشخابوور کەمبووەتەوە."
ھەروەھا رەمەزان لەبارەی ھەڵبژاردنی رێگەی قاچاغ گوتی " پەنابەران مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پێدراوە. ئەگەر بە رێگە رەسمییەکاندا بڕۆنەوە سوریا، راستەوخۆ ئەو مۆڵەتەی نیشتەجێبوونە ھەڵدەوەشێتەوە و جارێکی دیکە کاری پێناکرێ. پەنابەرانیش نایانەوێ ئەوە رووبدات. رۆژانە ھاتووچۆیەکی چڕ لە سنووری عێراق سوریا ھەیە. زۆربەیشیان گەنجن، ئەوانەن کە خانەوادەکانیان لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستانن. زۆربەیان بۆ کاری کشتوکاڵی کێڵگەکانیان دەرۆن و دەگەڕێنەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی بەشێوەیەکی رەسمی لە عێراقەوە بەرەو سوریا دەڕۆن لە ٥٠-١٠٠ کەس تێپەڕناکات. بەڵام لەبەر نەبوونی ئامارێکی تەواو ژمارەی ئەو کەسانەی بە قاچاغ دەڕۆنە سوریا دیار نییە."
بەرپرسی دەرگای سێملکا (سیامەند عوسمان) بۆ AA گوتی " پەنابەرەکان لە کەمپەکاندا قەتیسکراون و دەرچوونیان قەدەغەیە. بەوجۆرە گەنجان و کارکەران ناوەندێک نادۆزنەوە تا کاری تیابکەن و پارە قازانج بکەن. ئەوە بووەتە ھۆی کۆچکردنیان. کۆنترۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی ستراتیژی لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتەوە ھۆیەکی دیکەی ئەو رۆیشتنەیە. ئێستا رۆژانە ٤٠٠ پەنابەری سوریایی لە عێراقەوە دەگەڕێنەوە سوریا."
زۆربەی پەنابەرە سوریاییەکان بەھۆی بەلەم لە رووباری دیجلە دەپەڕنەوە و دەگەڕێنەوە سوریا. بەشێوەی گروپی چل کەسی سواری بەلەمەکان دەبن و لە کەناراوەکانی سوریا دادەبەزن. لەناویاندا پیر و منداڵ و ئافرەت دەبینرێن. زۆربەی ئەو خانەوادانە گلەیی لە مەرجەکانی کەمپ دەکەن و بە بێزارکەری دەزانن، بەتایبەتی کە زستان نزیکبووەتەوە و ناتوانن ھیچ کارێک بکەن. ئەوە وایلێکردوون بڕیاری گەڕانەوە بەرەو سوریا بدەن.
پەنابەر (عیسا جومعە) لە دەروازی پێشخابوور بۆ AA گوتی "خێزانەکەم لە عێراق جێھێشتووە و بەتەنیا دەگەڕێمەوە سوریا. بۆ کاروباری کێڵگەکەم دەگەڕێمەوە. ئەگەر شەڕ نەمێنێ، خێزانەکەشم دەگەڕێنمەوە سوریا."