ئیستەنبوڵ
ئۆزتورک زیاتر لەبیست و پێنج ساڵ لەمەوبەر چەند رۆژێکی کەم لەدوای کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە، گەیشتە شارەکەو بەکامێراکەی وێنەی قوربانییەکانی گرت، ئەو وێنانەی بڵاویکردنەوە، لەجیھاندا دەنگدانەوەی ھەبوو.
لەمونۆمێنتی ھەڵەبجە، کامێراکەی رەمەزان ئۆزتورک و چەند فۆتۆگرافەرێکی دیکە ھەڵگیراون وەکو یادگارییەک و دانیشتوانی ھەڵەبجەو کەسوکاری قوربانییەکانی ئەو شارە رێزی تایبەت دەگرن لەو فۆتۆگراف و رۆژنامەنووسانە.
رەمەزان رۆژنامەنووسێکی کوردی تورکیایەو ئێستە لەئەستەنبوڵ دەژی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " ساڵ بەساڵ جەنگەکان دڵڕەقانەتر دەبن،کاتێ چوومە ھەڵەبجەو کەوتم بەسەر ئەو کوشتارە زۆرەدا زۆر گریام ھیچ شتێکم شک نەبرد لەبارەی کارەساتەکەوە بیڵێم، بینیم ئینسان بۆ ئەوەی بگاتە دەسەڵات باکی نییە ئینسانی دیکە بکوژێ".
رەمەزان ئێستاو دوای ٢٥ ساڵ بووە شاھێدی کارەساتێکی دیکە کە بەھۆی چەکی کیماییەوە قەوما لەوڵاتێکی دراوسێی تورکیا، لەوبارەیەوە دەڵێ جارێکی دیکە سوێی ھەڵەبجە چووەوە بەدڵیدا، دەبینێ ئەو ھەموو ژن و منداڵە بەبێ ئەوەی بەشداریی شەڕیانکردبێ کوشتوبڕ دەکرێن " بەشار ئەسەد دیکتاتۆرو ستەمکارە. دەبێ ئینسانی وا لەجیھان نەمێنێ".
دوێنێ راگەیەنرا سوپای سوریا لەڕۆژھەڵاتی شاری دیمەشق چەکی کیمیایی بەکارھێناوەو بەسەدان کەس مردن و سەدانی دیکە ژاراویی بوون. گەواھیدەرانی دوایین بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەسوریا کە ٣٦٠ کەسی تێدا کوژران.
ئەوان دەڵێن بەیانی زوو خەڵک وەختێ بەئاگاھاتن رەوش بەجۆرێکی دیکەبوو، ھەناسە توندیی ورشانەوە، لەدەستدانی بینایی دەرکەوت چەکی کۆکوژ بەکارھاتووە.
خالید مەحموود یەکێکە لەو پزیشکانەی چووەتە سەر بەرکەووانی چەکی کیمیایی لەسوریا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " ھەناسە تووندی، رشانەوە، بچوکبوونەوەی بیلبلەی چاو و لەدەستدانی ھۆشیاریی لای بەرکەوتووەکان ئیسپاتی دەکات گازی سارین بەکارھاتووە"
نەتەوە یەکگرتوەکان ساڵی ١٩٦٩دا بڵاویکردەوە چەکە کیمیاییەکان ئەو ماددە کیمیاییە شل و گازییانەن کەرێژەی ژەھرییان زۆرەو گواستنەوەیان ئاسانە، ھەروەھا لەماوەیەکی کورتدا راستەوخۆ دەبیتە ھۆی کوشتن و برینداربوونی مرۆڤ و ئاژەڵ و رووەک.