سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە لە روونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە رایگەیاند، ٦٣ گەنج لە ھەرێمەوە بۆ جیھادکردن چوونەتە سوریا و دۆسیەکانیان دەدرێتە دادگە.
لە روونکردنەوەکەی ئاسایشدا باس لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی وڵاتانی عەرەبی دەکا و دەڵێ "دیارترین شۆڕشی گەلانی دراوسێی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوریا بوو کە کاریگەریەکانی پەلی ھاویشت بۆ عێراق و لە عێراقیشەوە کەم تا زۆر کاریگەریەکانی لەسەر ھەرێمی کوردستان وەدەرکەوتن".
ئاسایشی سلێمانی دەڵێ "ئەم کاریگەرییە لەلایەن ھەندێ کەسەوە قۆزرایەوە و توانیان تاڕادەیەکی کەم ھەست و سۆزی لاوانی ھەرێمی کوردستان بەناوی جیھادکردن و لەژێر پەردەی ئایینی ئیسلامی پیرۆزدا فریو بدەن".
لە روونکردنەوەکەی ئاسایشدا ھاتووە، "ئەو گەنجانە زۆرێکیان نازانن بەچ ئامانج و بۆ چ مەبەستێک ئەو ڕێیەیان گرتۆتەبەر و کە تەجنید دەکرێن دژ بەکێ شەڕ دەکەن و بۆکێ خۆیان بەکوشت دەدەن , لەوتەی ھەندێکیاندا کاتێک کە پەشیمان دەبنەوە و دەگەڕێنەوە پەشیمانی خۆیان دەردەبڕن و ئەڵێن نەمانزانیوە کە شەڕمان پێدەکەن دژ بە گەلەکەی خۆمان و نەتەوەکەی خۆمان".
ئاسایشی سلێمانی ژمارەی ئەو گەنجانە ئاشکرا دەکات کە چوونەتە سوریا "تائێستا بەپێی زانیاریەکان ٦٣ گەنج رۆشتونەتە ناو ئەم ھێزانە, ئێمەوەک بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش دوای ئەوەی بەم ھەوڵە نەزۆکەی ئەم تاقم و گروپانەمان زانی, ڕێوشوێنی پێویستمان گرتۆتەبەر و بەپێی بابەتی یاسایی ماددە (٢) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارەی (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ , ئەم کەسانە دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگا بۆ ئەوەی دادگا دۆسیەکانیان یەکلایی بکاتەوە".
بەگوێرەی ڕونکردنەوەکە تائێستا ( ١٦) کەس بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی دادگە کراونەتەوە.