سلێمانی
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەشدا بۆ ڕێکخراوەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەمڕۆ سێشەممە رایانگەیاند: چواردە ئەندامیان ئامادەن ئاگر لە جەستەی خۆیان بەربدەن وەکو نیشاندانی ناڕەزایی.
سکرتێری کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان عومەرجەبار لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "سبەینێ چوارشەممە جەستەی خۆمان دەکەینە قوربانی و دەیسوتێنین، ھەرچەندە حکومەت چەندین ھێزی ئەمنی لەناو شاری ھەولێر بڵاوکردۆتەوەو ڕێگری لەخۆپیشاندان و گردبوونەوەکانمان دەکەن."
ھەروەھا سکرتێری یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان سامان حوسێن گوتی: "حەوت ڕێکخراوی کەمئەندامان کۆبوینەتەوەو سبەینێ لەھەر ڕێکخراوێک دوو کەس جەستەی خۆیان دەکەنە قوربانی بۆ مافەکانی کەمئەندامان."
سامان ئاماژەی بەوەدا ئەمڕۆ سەعات ١ی پاش نیوەڕۆ بەرەو شاری ھەولێر بەڕێدەکەون و یاداشتێکی پێنج خاڵی دەدەنە ئەنجومەنی وەزیران. ئەگەر سبەینێ تا پێش نیوەڕۆ وەڵامیان نەدرێتەوە، ئەوا لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران جەستەی خۆیان دەسوتێنن.
رێکخراوەکانی کەمئەندامان گلەیی دەکەن و دەڵێن تائێستا چەندین داواکارییان داوەتە حکومەت، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە، بۆیە شتێکیان بۆ گوتن نەماوەو سبەینێ لەکاتی خۆسوتاندنەکەشیاندا دەمی خۆیان دەبەستن و قسە ناکەن.
ئەمڕۆ ٣/١٢/٢٠١٣ ڕۆژی جیھانی کەم ئەندامانە، بەڵام کەمئەندامانی کوردستان نیگەرانن لەوەی تائێستا لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە یاسای کەم ئەندامان جێبەجێ نەکراوە.
بۆئەو مەبەستەش دوێنێ دووشەمە ژمارەیەک لەکەمئەندامان گردبونەوەیەکیان لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران لەھەولێر دەست پێکرد، بەڵام بەگوتەی خۆیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەڕێگەی ھێزێکی ئەمنییەوە کۆتاییان بەگردبونەوەکە ھێناوەو بەئۆتۆمبیلی سەربازیی ڕەوانەی شاری سلێمانی کراونەتەوە.