سلێمانی
رۆژنامەنووسان کە لەسەر داوای سەنتەری میترۆ بەشداریی گردبوونەوەکەیان کرد، چوونە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی یاداشتی ناڕەزاییان ئاراستەی لایەنەکان کرد.
لەگردبونەوەکەدا نوێنەری ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی ئاسۆس ھەردی، گوتەیەکی پێشکەشکرد. تێیدا ئاماژەی بەوەدا ئێستا ڕۆژنامەنووسانی عێراق لەخراپترین دۆخدان و ڕۆژانە روو بەڕووی ھەڕەشەو ڕفاندن و تیرۆر دەبنەوە، بەجۆرێک وای لێھاتووە عێراق لەلیستی ڕەشی پێشێلکاریی ئازادییەکاندایە.
ھەردی گوتی: "حکومەتی فیدراڵی عێراق لەبری ئەوەی پارێزەری ڕۆژنامەنووسان بێ و تۆمەتباران دەستگیر بکا، بۆ خۆی بووەتە بەشێک لەپێشێلکارییەکان. بۆیە داوا لە حکومەتی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی دادوەریی دەکەین سنوورێک لە بەردەم ئەو پێشێلکارییانە دابنێن."
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ رەحمان غەریب، یاداشتی گردبونەوەکەی خوێندەوە کە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمان، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، نوێنەری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و مافی مرۆڤ کراوە.
لەیاداشتەکەدا ھاتبوو: وەک ڕۆژنامەنوسانی ھەرێمی کوردستان بەخەم و نیگەرانیی زۆرەوە چاودێری ئەو ھەواڵانە دەکەین کە لەم ڕۆژانەی دواییدا گەشیتوون و باس لەو قەسابخانەیە دەکەن ڕۆژنامەنوسان لەناوچە جیاکانی عێراق روو بەڕووی دەبنەوە لەکوشتن لەسەر دەستی ھێزە تیرۆریستییەکان یان ڕێوشوێنە توندەکانی ھێزە ئاسایشپارێزەکان کە بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.تەنیا لەم دوو مانگەی دواییدا حەوت ڕۆژنامەنوس تیرۆرکراون کە شەشیان لەشاری موسڵ و یەکیان لە شاری بەسرە بووە.
سامان فەوزی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق یاداشتی رۆژنامەنوسانی ناڕازیی وەرگرت و گوتی: "ئێستا میدیاکارانی عێراق لەخراپترین دۆخدان و حەفتە نییە لەم وڵاتە ڕۆژنامەنوسێک ھەڕەشەی لێنەکرێ یان تیرۆر نەکرێ. داواکاریی و یاداشتەکەتان بەشێوەیەکی رەسمی دەگەیەنینە لایەنی مەبەست و داوایان لێدەکەین رشێوشوێنی پێویست بگرنەبەر. ھەروەھا سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە دابنێن."
فەوزی ئاماژەی بەوەدا لەمڕۆوە ھەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە دەست پێدەکەن تاوەکو ئەو بابەتە بخرێتە نێو بەرنامەی کۆبونەوەکانی پەرلەمانی عێراق و یاسایەکی تایبەت بۆ پاراستنی رۆژنامەنووسان دەربکەن.
بەھۆی توندوتیژیی و نا ئارامییەکانی عێراق، تا ئێستا لە ١٠ ساڵی رابردوودا ٢٦٢ رۆژنامەنووسی عێراقی و بیانی لەو وڵاتەدا کوژراون. لە نێو ئەو ژمارەیەدا ١٥١ رۆژنامەنووس و ٥٥ کارمەندی ھونەریی بە ھۆی کارەکەیانەوە تیرۆر کراون.