ھەولێر
جەلال تاڵەبانی بەھۆی جەڵتەی مێشکەوە، رۆژی ١٧/١٢/٢٠١٢ رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری بەغدا کرا، دوای سێ رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانەکەی بەغدا، بەڕێخرا بۆ ئەڵمانیاو لەو رۆژەوە تا ئێستا مام جەلال لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق لە بەرچاوان ونبووە.
تاڵەبانی ی تەمەن ٧٦ ساڵ، یەکەم جاری نییە تەندروستیی تێکبچێ، بەڵام درێژترین ماوەیە بەوجۆرە لەژێر چاودێری پزیشکەکاندابێ. چارەنووسی تەندروستی تاڵەبانی بەجۆرێ بە ناڕوونی ماوەتەوە، بەشی ھەرە زۆری کاربەدەستانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەقەدەر کاسبکارێکی ئاسایی ئەم وڵاتە خەبەریان لەڕەوشی تەندروستیی ھەیە.
مام جەلال دوو جاران لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٩ رەوانەی نەخۆشانە کرا لە ئوردن، ھەروەھا ساڵی ٢٠٠٨ نەشتەرگەریی دڵی لە ئەمریکا بۆ ئەنجامدرا، ساڵانی ٢٠١١ و ٢٠١٢ بۆ چارەسەری تەندروستی چووە ئەمریکا و ئەوروپا، لە حوزەیرانی ٢٠١٢ش لە ئەڵمانیا نەشتەرگەریی چۆکی بۆ ئەنجامدرا، بەڵام ئیتر چیرۆکی دوایین نەخۆشکەوتنی ھەروا بە نھێنی ھێڵراوەتەوە.
بەشی زۆری چاودێرانی سیاسی و کارزانانی یاسای عێراقی دەڵێن، دوورکەوتنەوەی تاڵەبانی، عێراقی خستۆتە بۆشایی یاساییەوە. ھەر بۆیە مانگی ئایاری ئەمساڵ سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، داوای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد سەرۆکێکی نوێ لەجێی تاڵەبانی ھەڵبژێرن.
بێجگە پۆستی سەرکۆماری عێراق کە تا ئێستا جێگەکەی پڕ نەکراوەتەوە، مام جەلال سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە کە وا نزیکەی بیست و دوو ساڵە حوکمڕانێتی بەشێکی ھەرێمی کوردستان دەکا، ھەروەھا جێگری سکرتێری رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالی نێودەوڵەتیشە کە تەنیا ی.ن.ک و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە حزبە کوردستانییەکان ئەندامن تێیدا.
تاڵەبانی بێجگە لەوەی سیاسییەکی کاریگەری کوردستان و عێراقە، زیاتر لە ٣٧ ساڵ لە سەر کورسیی سەرۆکایەتیی ی.ن.ک دانیشت، لە عێراقی دوای سەدام حوسێنیش نزیکەی ھەشت ساڵ لە سەر کورسیی سەرکۆماریی دانیشت. ھەروەھا سێ ساڵێکیش پۆستی جێگری سکرتێری گشتیی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالی پێدرا. ئەو سێ کورسییەی کە ساڵێک دوای دوورکەوتنەوەیشی لەگۆڕەپانی سیاسی، کەس زاتی ئەوە ناکا باسی پڕ بوونەوەیان بکا. تەمەن و جۆری نەخۆشکەوتنی وایکردووە ئومێدی گەڕانەوەی بەو چوست و چالاکییە زۆرەی ھەبوو، ببێتە شتێکی مەحاڵ. بەڵام ھێشتا کاریگەری کەسێتی ھەر ماوە.
رەنگبێ بۆ ی.ن.ک قسەکردن لەسەر دوو کورسییەکەی دیکەی تاڵەبانی لە بەغداو لەندەن، ھێندەی باسکردنی کورسییەکەی سلێمانی قورس نەبێ، ئەمەشە وایکردووە سەرکردەکانی یەکێتی سڵ لە روانین بۆ کورسییە بەرزەکەی تاڵەبانی بکەنەوە و سامێکی زۆری ھەیە لە بەرچاویان.
پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر چۆڵبوونی شوێنەکەی تاڵەبانی لەنێو ی.ن.ک ھێشتا قسەکردن لەسەر ئەو کورسییە لەنێو یەکێتیدا، وەکو یاریکردنە بە ئاگر.
عادل موراد یەکێکە لەو حەوت کەسەی لە گەڵ مام جەلال بە "دەستەی دامەزرێنەرانی ی.ن.ک" ناویان دەبرێ و ھاوڕێیەکی نزیکی مام جەلال بوو تا دوا ساتەکانی لەش ساغی. موراد ئێستا سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، لەبارەی پڕکردنەوەی کورسییەکەی تاڵەبانی لە سلێمانی بۆچوونێکی تایبەتی ھەیە.
موراد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" باسکردن لە جێگرتنەوەی پۆستی سکرتێری گشتی یەکێتی لەلایەن کەسانی دیکەوە، بابەتێکی نا ئەخلاقییە. بۆیە ھیچ کەسێک باس لە جێگرتنەوەی مام جەلال ناکا تەنانەت لە کۆنگرەشدا. مام جەلال نەخۆشە و ئێستا ووردە وردە رەوشی تەندروستی بەرەو باشبوون دەچێ، بۆیە بەھیچ شێوەیەک باسی پرکردنەوەی ئەو پۆستە ناکرێ."
لەبارەی کورسیی سەرکۆماری عێراق، عادل موراد دەڵێ تا ئێستا لایەنی سوننەکان بە شێوەیەکی عەمەلی و بە نووسراو، باس و خواسی داواکردنی پۆستی سەرکۆمارییان نەھێناوەتە ئاراوە. ھەر کاتێ بە نووسراوی رەسمی داوایەکی وایانکرد، ئەوا سەرکردایەتیی ی.ن.ک قسەی خۆیان دەبێ.
پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەروونی ئاماژە بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی دەکا لە کاتی لەکارنەمانی سکرتێرەکەی، ئەرکی یەکەم و دیاری کۆنگرەش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ھەڵبژاردنی سکرتێرێکی دیکە دەبێ.
ھەروەھا بەپێی مادەکانی ٧٢ و ٧٥ی دەستووری عێراق، لەکاتی بەتاڵبوونی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بە ھەر ھۆکارێکبێ، سەرۆکێکی دیکە بۆ تەواوکردنی کارەکانی سەرۆکی لەکار نەماو، سەرۆکێ ھەڵدەبژێردرێ. دەشبێ لەماوەی مانگێک لەبەرواری بەتالڕبوونی کورسییەکە ئەنجومەنی نوێنەران سەرۆکێکی نوێ ھەڵبژێرێ.
عەبدولجەبار شھێلی، لێکۆڵەری سیاسی عێراقی، دەڵێ بە دوورکەوتنەوەی تاڵەبانی عێراق لە بۆشایی سیاسی و یاساییدایە. شھێلی گوتی: "بەپێی دەستوور دەبوو ئەنجومەنی نوێنەران کەسێک لەجێی تاڵەبانی ھەڵبژێرێ یان حزبەکەی خۆی کەسێکی دیکە پێشنیازبکا، بەڵام کە تا ئێستا نەکراوە کارێکی نایاساییە."
ماوەیەکە سوننەکانی عێراق باس لەوە دەکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بگرنە دەست، ئەوان لە پێشترین بەشی عێراقن. لەمبارەیەوە ھەست دەکرێ ئوسامە نوجێفی سیاسەتوانی سوننەو سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی عێراق، دیارترین پاڵێوراوی ئەو پێکھاتەیە بۆ دانیشتن لەسەر کورسییەکەی تاڵەبانی.
سیاسەتوان و پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا مەحمود عوسمان، لەو باوەڕەیە دەبوو زووتر بیر لە شوێن پڕکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار بکرایە لە لایەن کوردەوە. عوسمان ئەوە بەکێشەیەکی مەزن ناو دەبا.
عوسمان گوتی: "ھێشتا قسەکردن لەسەر کورسییەکانی تاڵەبانی کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام دەبوو زوو کەسی تریان بۆ دابنرایە، بەتایبەت کورسیی سەرکۆماری عێراق، بەھۆی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتییەوە تا ئێستا کەسی بۆ دانراوە، بێجگە لەکێشەکانی نێوان سەرکردەکانی خودی یەکێتییی نیشتمانی کوردستان."
تاڵەبانی ھەندێکی لاواز و ھەندێکی بەھێزکرد
ئەو نەخۆشییانەی تاڵەبانییان پەکخست زۆرن، کێشە قورسەکەی، تەمەنی، ماندووبوونی بەدرێژایی ساڵانی خەباتی سیاسی و چەکداریی.
دیارنەمانی تاڵەبانی کە لەدوای نسکۆی شۆڕشی کورد لە ١٩٧٥ حزبەکەی دوای دامەزرانی لە ھاوینی ساڵی ١٩٧٦ بووە رکابەری سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، لە ھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلولی ئەمساڵ، گورزی کەمەرشکێنی لە ی.ن.ک دا. ئەوە لە غیبای تاڵەبانیدابوو وەکو چاودێرانی سیاسی دەڵێن.
لە بەغداش بەتاڵیی کورسییەکەی تاڵەبانی، شوێن پێی کوردی لەقکردووە و شیعەکانیشی بەھێزترکردووە. بەتایبەت مالیکی کە بەپێی قسەکانی حەسەن عەلەوی بۆ AA مالیکی حەزی بەوەیە تاڵەبانی دیار نەماوە.
حەسەن عەلەوی کە یەکێکە لە بیرمەند و سیاسەتمەدارە ناودارەکانی شیعەی عێراق. ھەروەھا کەسێکی نزیکی تاڵەبانیشە، عەلەوی دەڵێ بە نەمانی تاڵەبانی، مالیکی ئەوەی ویستی کردی و دەشیکا، چونکە نەمانی تاڵەبانی راوەدونانی تارق ھاشمیی سوننە مەزھەب، وای کرد بێ رکابەر بمێنێتەوە و ئەوەی جاران نەیدەتوانێ لەبەر تاڵەبانی بیکا ئێستا بە ئاسانی بۆی دەچێتەسەر.
کێ لەسەر کورسییەکەی تاڵەبانی لە یەکێتی دەنیشێتەوە
تاڵەبانی کە فریای نووسینەوەی یاداشتەکانی نەکەوت، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن دەڵێ بەدوای پۆست و نازناوەوە نییەو زۆر گرنگییان بۆ ئەو نییە. لەو دیدارەیدا تاڵەبانی دەڵێ لە دامەزراندنی ی.ن.ک پێشنیازی کردووە پۆست و نازناوەکان نەبێ.
بەڵام پێدەچێ ئەو پۆستانەی ئەمڕۆ بەجێی ھێشتوون، کێشەی زۆر دروست بکا و دوورنییە درز بخاتە نێو سەرکردەکانی حزبەکەیەوە.
غیابی تاڵەبانی لەو ماوەیەدا سێ کوچکەی (کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەم، بەرھەم ساڵح جێگری دووەم، ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ھاوسەری و ئەندامی مەکتەبی سیاسی) زەقکردۆتەوە.
سێ جێگرەوەکەی تاڵەبانی ھیچیان وەکو ئەو نین، ئەگەر تاڵەبانی پێشتر ئەو چەترە بووبێ کە یەکێتی کۆکردبۆوە، ئەوا ئێستا ھەریەک لەو سێ سەرکردە رکابەرەی یەکتر ھەژموونییان لەسەر بەشێکی دیاریکراوی یەکێتی دیارە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان سێ بەرچاوترین و بەچانسترینن بۆ پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکەی تاڵەبانی لە سلێمانی.
کۆسرەت رەسوڵ
کۆسرەت رەسوڵ لەدایکبووی ١٩٥٢ی ھەولێرە، جێگری یەکەمی تاڵەبانییە، دەرچووی پەیمانگەی کشتوکاڵییە، زۆرینەی ژیانی لەپێشمەرگایەتیدا بە سەربردووە، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیشە، بەڵام بە دەسەڵاتێکی سنووردارەوە کە زۆر جار لەنێو خودی یەکێتیش باس لەو بێ دەسەڵاتییەی دەکرێ.
لەنێو یەکێتییەکانی شاری ھەولێر و موسڵ و بەشێکی کەرکوک، کۆسرەت کەسێکی خۆشەویستە، بەتایبەت بەوە دەناسرێ کە لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا قوربانی زۆری بە کوڕەکانی خۆشی داوە، بەڵام لەلایەن تەکنۆکرات و توێژی نوخبە و سیاسییە مۆدێرنەکانی یەکێتییەوە تەواو پشتگیریی ناکرێ.
ھێرۆخان
ھێرۆ، ھاوسەری تاڵەبانی و سندوقە رەشەکەی رەوشی تەندروستیی مێردەکەی، کچی ئەدیب و سیاسەتوان و پارێزەری ناسراوی کورد ئیبراھیم ئەحمەدە. لەو کاتەوە چاوی کردۆتەوە بابی خەریکی کاری سیاسی و ململانێی حزبایەتی بووە.لەگەڵ ھاوسەرەکەی بەشداریی خەباتی چەکداریشی کردووە و بەشێکی زێڕینی تەمەنی لە پێشمەرگایەتییدا بەسەربردووە، لەدایکبووی ١٩٤٨ە، زانستی دەروونناسی لە زانکۆی موستەنسرییەی بەغدای تەواو کردووە.
ھاوسەرەکەی تاڵەبانی لەپاش راپەرینەکەی ١٩٩١ خزمەتەکانی لەبواری تەندروستی، راگەیاندن بەرچاوبوون، دامەزراندنی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان و ھەردوو تەلەڤزیۆنی کوردسات و خاک تیڤی خەرمانی کارەکانین.
ھێرۆخان تا ساڵانی پێش دوو ھەزاریش نەیویستووە تێکەڵ بە دنیای سیاسەتبێ، بەڵام دواتر چەند بەرپرسیارێتییەکی سیاسیی وەرگرتووە و ئەوەش تێکەڵ بەجەماوەری یەکێتی کردووە.
بەرھەم ساڵح
پیاوە تەکنۆکراتەکەی نێو یەکێتی، بە پیاوێکی ھێمن و بە سەلیقە، لێھاتوو لەقسەکردن و رازیکردنی بەرامبەرەکانی دادەنرێ، ئەم ئەندازیارە کە بەشێکی ژیانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو بەریتانیا بەدیار خوێندنەوە بەسەربردووە، زیاتر لە سیاسەت و کەمتر لە ھێزی سەربازییەوە نزیکە، دووجاران سەرۆکی کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بووەو لە شاری بەغدای پاش سەدام حوسێن تا جێگری سەرۆکوەزیرانی خراوەتە ئەستۆ.
ئەوەی بەخاڵی لاواز بۆ ساڵح دەبینرێ ئەوەیە لە پێشمەرگایەتییدا بەشداریی ئەوتۆی نییە، ھەر بۆیە لێرە و لەوێ بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی بەتانەوە ئەم خاڵە دەدەنەوە بە ناوچاوانی دا.
سادەیی ساڵح و ساغ نەبوونەوەی تێوەگلانی لەگەندەڵی، ھێشتا لاپەڕەی خەباتی بە سپێتی ھێشتۆتەوە. ئەو لەلایەن بەشێک لە بنکەی حزبەکەی دەنگی پێدەدرێ بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکەی تاڵەبانی لەنێو یەکێتیدا، بەتایبەت بەشێک لە نوخبە و رۆژنامەنووس و کادیرە خوێندەوارەکانی یەکێتی.
چاوی کەم لەسەر کورسییەکەی لەندەنە
جەلال تاڵەبانی ساڵی ٢٠٠٨ بە جێگری سەرۆکی رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالSI ھەڵبژێردرا. دوایینجار کە وەکو جێگری سەرۆک بەشداریی کۆبوونەوەی ساڵانەیSIی کرد، رۆژی ٢٠/٩/ ٢٠١٠ بوو، تێیدا گۆتارێکی پێشکەشکرد.
لوقمان ئەحمەدی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حزبی دیموکراتی کوردستان/ ئێران کە بەشداریی کۆنگرەکانی رێکخراوی SIی کردووەو حزبەکەی ئەوانیش چاودێرە لەو رێکخراوە، لە لێدوانێکدا بۆ AA دەڵێ نەبوونی مام جەلال لەکۆبوونەوەکانی ئەمدواییەی ئەو رێکخراوە، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر پرسی کورد ھەبووە، ئەحمەدی گوتی: "نەبوونی مام جەلال لە مەیدانەکەدا کاریگەریی زۆری ھەبووە، چونکە مام جەلال دەیتوانی بۆ پرسی کوردەکانی باشووری کوردستان سەرنج و تێڕوانینی دنیای دەرەوە بەباشی رابکێشێ. پێشموانییە کەسێ ھەبێ ئێستا بتوانێ جێگەی تاڵەبانی بگرێتەوە."
تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکدا گووتویەتی حەزی دەکرد ببێتە پزیشک، دایکی حەزی لێ بوو ببێتە پیاوی ئاینی، باوکیشی سیاسەتمەدار، بۆخۆشی دەڵێ" قەد بیرم لەوەنەکردۆتەوە و پێشبینیشیم نەکردبوو رۆژێک ببمە سەرکۆماری عێراق." بەڵام نەک ھەر سەرۆکی عێراق بەڵکو بووە کەسایەتییەکی وەھا کە کاریگەریی بەسەر زۆر پرس و مەلەفەوە ھەبێ و بە ونبوونی خۆی، زۆر شت تێکبچێ و بە ئاسانی نەچنەوە سەر سکەی خۆیان.
news_share_descriptionsubscription_contact

