دیاربەکر
گۆڕەپانەکە لەسەر پانتایی١٥٠٠ دۆنم زەوی دروستکراوەو دەکەوێتە گوندی (بیش پەنار) ٢٦ کیلۆمەتر دوور لەناوەندی شاری دیاربەکر. دەرگا واڵادەکرێ بۆ ئەسپسواران و و بینەرانی کێبڕکێ. گۆڕەپانە بەماوەی دوو ساڵ بە گوژمەی ٣٠ ملیۆن لیرە لەسەر شێوازێکی سەردەمیانە بنیاتنراوە. شوێنی ماراسۆن، گۆڕەپانی ئەسپسواری و کافتریای کراوە، ٢٠٠ ئاخوڕی ئەسپ و سیستمێکی رووناکیی زۆر جیاواز بۆ شەوان و چەندین پێداویستی دیکەی وەرزشی.
بەڕێوەبەری ئەسپسواری لە دیاربەکر (یەڵماز چەلیک) بۆ AA گوتی "ئێستا کاری بیناسازیی گۆڕەپانی ئەسپسواریی تەواوبووەو ئامادەیە بۆ کێبڕکێ، ئێستا چەند کارێکی بیناسازیی ماوە بۆ تەواو ئامادەبوونی ناوەندی وەرزشی. بەو نزیکانە بەشەکانی مارکێت، مزگەوت، سەرتاشخانە و کافتریاکانیش ئامادە دەبن بۆ خزمەتکردن. جگە لەوەش بەیتەرییەک لەسەر شێوازێکی ئەوروپی ، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەسپەکان دەستپێدەکرێ. ھەروەھا مانگی داھاتوو ژمارەی ئاخوڕەکانی ئەسپ دەگاتە ٢٤٠ دانەو لەژێر سەرپەرشتیی و رێنمایی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی ئامادەدەکرێ بۆ ئەسپەکان".
چەلیک ئاماژەی بە سیستمی رووناکی کرد بۆ کێبڕکێی شەوانەو گوتی "ماوە ماوە پڕۆژەیەک پێشکەشی ئەسپسوارەکانی دیاربەکر دەکرێ. ئەمساڵیش دەتوانین بڵێین ئەو پڕۆژانە، گیانێکی تازەیان بە ئەسپسواران بەخشی. بەپێی ئامارەکان تادێ ژمارەی ئەسپسوارەکانی دیاربەکر زیاد دەبێ. ئێمە ھەنگاوی جدی دەھاوێژین لەپێناوی کێبڕکێکردن لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست".
سوارچاک و ئارەزوومەندان بێ ئارامن و دەقیقە دەژمێرن بۆ چێژوەرگرتن لە کێبڕکێی ئەسپسواری لەمەیدانێکی ھاوچەرخ و پێشکەوتوودا.