وەرزش

سەمای ئۆتۆمبێلەکان"ئۆف رۆد" لە هەرێمی کوردستان

- لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و باران بارین و تەڕبوونی زەویوزارەکان، سەمای ئۆتۆمبێلەکان کە لە فەرهەنگی جیهانیدا بە "ئۆف رۆد" ناسراوە، یەکێک دەبێت لە وەرزشەکان...

Rewa Mahmood Hasan  | 25.12.2019 - نوێکردنەوە : 03.01.2020
سەمای ئۆتۆمبێلەکان"ئۆف رۆد" لە هەرێمی کوردستان

As Sulaymaniyah
سلێمانی - AA
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و باران بارین و تەڕبوونی زەویوزارەکان، سەمای ئۆتۆمبێلەکان کە لە فەرهەنگی جیهانیدا بە "ئۆف رۆد" ناسراوە، یەکێک دەبێت لە وەرزشەکان. هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو چالاکییانەی کە لە وەرزی زستاندا لەکاتی قوڕاوی بوونی رێگەوبانە لاوەکییەکاندا ئەنجام دەدرێت.
هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا، بەتایبەت ئەوانەی کە ئۆتۆمبێلی بەرز و تایبەت بەڕێگە سەختەکانیان هەیە، سەرقاڵ دەبن بە وەرزشێکەوە کەپێی دەڵێن وەرزشی ئۆف رۆد کە هاوشێوەی سەمای ئۆتۆمبێلەکانە لەنێو قوڕاودا.

لەم وەرزشەدا ئۆتۆمبێلەکان لەنێو قوڕاودا سەمایەک دەکەن، تیایدا شۆفێران هەوڵ دەدەن سەختترین رێگا ببڕن کە هەرگیز ئۆتۆمبێلە نزمەکان تیایدا ناتوانن بڕۆن.

لە هەرێمی کوردستان ناوبەناو هەندێک لە شۆفێران ئەم وەرزشە دەکەن و هەوڵ دەدەن توانای شۆفێریی خۆیان و ئۆتۆمبێلەکانیان تاقی بکەنەوە، ئەویش بە تێپەڕاندنی ئۆتۆمبێلەکانیان لە شەقامێکی لاوەکی یان لەسەر گرد و تەپۆڵکەکان.
لەسەر رێگای سەرەکی سماقوڵی کە دەکەوێتە نێوان سلێمانی-رانیە، کۆمەڵێک شۆفێر سەرقاڵی وەرزشی ئۆف رۆد-ن کە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی داوە بە ناوچەکە.

شۆفێران بە ریز و دەستە دەستە وەستاون تاکو نمایشی خۆیان بکەن لەنێو قوڕاودا.
هاووڵاتییان بە تاسەوە تەماشای شۆفێرانیان دەکرد کە لەهەندێک شوێندا بە گۆشەوی ٩٠ بەسەر گرد و تەپۆڵکە سەختەکاندا، لەنێو قوڕاودا سەردەکەوتن.

هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکان لەکاتێکدا رووبەڕووی ئاستەنگی دەبوونەوە لەسەرکەوتوون بەسەر گرد و تەپۆلکە قوڕایەکاندا، هەندێکی تریان پشتبەستن بە ئەزموونی شۆفێریی و کوالیتی ئۆتۆمبێلەکانیان بەئاسانی بەسەریدا سەردەکەوتن.

یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان سەرەڕای بڕینی زۆر شوێنی سەخت، بەڵام دواتر لە قوڕدا چەقی.

سەرەڕای هەوڵی زۆرێک لە ئامادەبووان بۆ دەرکردنی ئۆتۆمبێلەکە لە قوڕەکە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، تەنانەت ئۆتۆمبێلی تایبەت بەڕاکێشانی برایە ناوچەکە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە هەوڵەکانیان.

هەندێک لە رێبوارانی سەر رێگەکە، لەلایەکی شەقامەکە لایاندابوو، تاکو تەماشای ئەو دیمەنە دڵهەژێنانە بکەن.

هەڵمەت عەبدوڵڵا یەکێکە لە شۆفێرەکانی وەرزشی ئۆف رۆد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ماوەی پێنج ساڵە سەرقاڵی ئەم وەرزشەم، ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ چەند هاوەڵێکدا کە ئەوانیش خولیای ئۆف رۆد-یان هەبوو، گرووپێکمان لە حاجی ئاوا پێکهێنا. لەنێوان خۆماندا پێشبرکێ و نمایش دەکەین، ئۆتۆمبێلەکانمان هەمووی دەستکاری کراون و ئامادەکراون. ئەکسلەکان، مەکینە، گێڕەکەی گۆڕدراون''.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر بترسیت ناتوانیت ئەو یاریە بکەیت، چونکە دەشڵەژێیت و ناتوانیت بەردەوام بیت، هاوکات ئەو باس لەوە دەکات کە هەستێکی زۆر خۆش وەردەگرێت لەو یاریە، کاتێک نمایش دەکات و ئۆتۆمبێلێکی بەهێزی پێیە.

کامل حسێن یەکێکی ترە لە بەشداربووانی نمایشەکە، ئەو لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەکەی خۆی راوەستابوو کە بەتەواوی دەستکاری کردبوو، هەر لە ئەکسل، مەکینە، گێڕەوە، تا دەگاتە تایەکانی و باس لەوە دەکات لەو نمایشەدا، ٨٩ ئۆتۆمبێل بەشدارن.

ئەو دەڵێت ''ئەم کارە بۆ خۆشی خۆمان دەکەین، دڵمان پێی خۆشە، هاوکات حەزدەکەین کوردستان پێشبکەوێت، وەک ئەو دەوڵەتانەی ئەو نمایشانەی تیادا دەکەن، حەزدەکەین لە کوردستانیشدا ئەو وەرزشە پەرەی پێ بدرێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın