Emre Doğan
20 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2022
دۆحە - AA
سبەی لە کۆمەڵەی Bی جامی جیهانی "قەتەر ٢٠٢٢"دا، ئەمەریکا و وێڵز رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
یارییەکە کە لە یاریگای ئەحمەد بن عەلی بەڕێوەدەچێت، کاتژمێر ٢٢:٠٠ دەست پێ دەکات. ناوبژیوانی قەتەری، عەبدولرەحمان جاسم یارییەکە بەڕێوەدەبات.
ئەمریکا و وێڵز کە بۆ یەکەمین جارە لە مۆندیالدا رووبەرووی یەکتر دەبنەوە، وا چاوڕوان دەکرێت رکابەری لەسەر پلەی دووەمی کۆمەڵەکەیاندا بکەن کە ئێران و ئینگلتەراش لەخۆدەگرێت.
وێڵز کە لە دوای ساڵی ١٩٥٨ەوە بۆ یەکەمجارە بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، دەیەوێت بە وەرگرتنی ٣ خاڵ دەست بە پاڵەوانێتییەکە بکات. ئەمریکاش کە جگە لە مۆندیالی ٢٠١٨ کە لە رووسیا بەڕێوەچوو، بەشداری سەرجەم مۆندیالەکانی ساڵانی نێوان ١٩٩٠-٢٠١٤دا کردووە، ئامانجی ئەوەیە بە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە یەکەم یاریدا، دڵی هاندەرانی خۆش بکات.
- ئەمریکا و وێڵز بۆ جاری سێیەمە لە مێژوودا، رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە
ئەمریکا لە یەکێک لەو دوو یارییەی کە لەنێوان هەردوو تیپەکەدا ئەنجامدراون، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و یارییەکەی دیکەش بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە. لەکاتیکدا لەو دوو یارییەدا ئەمریکا دوو جار تۆڕی وێڵزی هەژاندووە، وێڵز نەیتوانیووه هیچ گۆڵێک تۆمار بکات.
دوو هەڵبژاردەکە بۆ دواجار لە یارییەکی دۆستانەدا لە ١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ رووبەرووی یەکتر بوونەوە. یارییەکە کە لە یاریگای لیبرتی لە شاری سوانزی ئەنجام درا، بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.
قەتەر لەنێوان ٢٠ی ئەم مانگە تا ١٨ی مانگی کانوونی دووەم، میوانداری جامی جیهانی "FIFA" دەکات.