هەولێر - AA
شوێنەوار بۆ نووسینەوەی مێژوو، گرنگترین بەڵگەنامەی ماددیە بەدەست نەتەوەکانەوە و بۆ ئێستاش، سەرچاوەیەکی سەرەکی راکێشانی گەشتیارە لە وڵاتانی دنیا.
هەرێمی کوردستان یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان لەڕووی شوێنەوارەوە و کۆنترین گوندی کشتوکاڵیی جیهان و کۆنترین شاری شارستانیش کە هێشتا ژیانی تیادا بەردەوام بێت لە هەرێمی کوردستاندایە، بەڵام هێشتا نەتواندراوە و وەک پێویست سوود لەو هەموو شوێنەوارە گرنگە مێژووییە وەربگیرێت بۆ راکێشانی گەشتیار و پەرەپێدان بە کەرتی گەشتوگوزار.
لە رابردوودا، فراوانبوونی شارەکان زیانی زۆری بە شوێنەوارە مێژووییە ژێرخاک کەوتووەکان گەیاندووە و بەشێکیان فەوتاون، ئێستاش شەقامی ١٥٠ مەتری لە هەولێر ئەگەر ئاراستەکەی دەستکاری نەکرێت نزیکەی ١٤ خاڵی شوێنەواری مێژوویی لەگەڵ خۆیدا رادەماڵێت.

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، نادر بابەکر محەمەد دەربارەی شوێنەوارەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و کارکردن بۆ کنەوپشکنین و دۆزینەوەیان رایگەیاند "لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە لە سپیلک بەدواوە دابەشمان کردووە و سەربە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و لە سپیلک هەتاوەکو ئێرە، سێ رووپێوی شوێنەواریمان ئەنجامداوە نزیکەی هەزار و ٥٠ شوێنمان تۆمارکردووە، ئەم تۆمارکردنە لە ئەنجامی رووپێوی سێ تیمی بیانی بوون لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی، زانکۆیەکی پۆلەندی و زانکۆیەکی نەمساوی. لە سنووری بەرێوەبەرایەتییەکەی دیکەی هەولێریش زیاتر لە ٢٠٠ شوێن تۆمارکراوە، بەڵام ئەگەر رووپێوی گشتی بەتەواوی ئەنجامبدەین بۆ هەموو پارێزگای هەولێر لەوانەیە زیاتر لە پێنج هەزار ناوچەی شوێنەواریی تۆمار بکەین".
نادر بابەکر محەمەد لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "ئێمە تەنها لەناو شاری هەولێر، ١٢ شوێنی شوێنەواریمان هەیە کە لەسەر گردەکانن یان دیارن، بەڵام لە دەرەوەی شار مەرج نییە شوێنەکە دیاربێت، ئێستا شوێنمان هەیە خەڵک کشتوکاڵی تیادا دەکات و زەوییەکی تەختە، بەڵام ئێمە رووپێویمان کردووە دەرکەوتووە شوێنەوارە، شوێنی گرنگمان هەیە کە بۆ هەولێر زۆر گرنگن، بۆ نموونە شوێن هەیە حەوت هەزار بۆ شەش هەزار ساڵ پێش زایین ناوچەی نیشتەجێبوون بووە".

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر راشیگەیاند "شوێنەکان هەر ئەوە نییە کە گۆزەیەک یان دەفرێکی تیادا دەدۆزینەوە، بەڵکو شوێنمان هەیە دەگەڕێتەوە بۆ نۆ هەزار ساڵ تا ١٢ هەزار ساڵ پێش ئێستا، ئەوانە دەبێت وردتربینەوە لێی، شوێنمان هەیە هی سەردەمی چاخی بەردینی نوێیە، مرۆڤ بەردی بەکارهێناوە و هیچ جۆرە گۆزەیەکی بەکارنەهێناوە، ئەمە لە هەولێر هەیە و لە سلێمانی-یش شوێنی زۆر کۆن دۆزراوەتەوە بۆ نموونە بێستان سوور هەیە، زۆر کۆنترە لەوەی ئێمە پێشبینیمان دەکرد لە چەرمۆش کۆنترە".
نادر بابەکر محەمەد دەربارەی مێژوویی کوردستان رایگەیاند "کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بەشوێنەوار، ئێستا زیاتر لە ٥٠ زانکۆ روویان کردووەتە کوردستان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی شوێنەواریی، ئێمە تا ئێستا لەسەر حەوت شوێنی شوێنەواریی کاری کنەوپشکنینمان ئەنجامداوە کە تیمە بیانییەکان کردوویانە، تیمەکان ئەمریکی، فەڕەنسی، ئیتاڵی، ئیسپانی و هەنگارین، ئێستا تیمە هەنگارییەکان لە کاروانسەرای پانکان سەرقاڵی کنەوپشکنینن کە کاروانسەرایەکی کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان و لە سەردەمی دەوڵەتەکانی ئومەوی و عەباسی-دا بەکارهاتووە، ئێمە لە ئەنجامی کنەوپشکنین چەندین سکەمان دۆزییەوە کە ئەمە خۆی بۆخۆی گوزارشت لە گرنگی شوێنەوار دەکات لە هەرێمی کوردستان".

بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، نادر بابەکر محەمەد دەربارەی تێچووی کارەکانی کنەوپشکنینی شوێنە شوێنەوارییەکان گوتی: "ئەو زانکۆیانەی دێنە هەرێمی کوردستان تێچووی کارەکانیان و کنەوپشکنین لە شوێنە شوێنەوارییەکان لەسەر خۆیانە، ئێمە چەند ئامانجێکمان هەیە کە ئەو تیمە بیانیانە دێنین، ئەو زانکۆیانە لەسەر تێچووی خۆیان کارەکە دەکەن و کادرەکانی ئێمە کە لەگەڵیاندان فێری کارەکە بوون، هەروەها پەیوەندییەکانی ئێمە لەڕووی زانستییەوە لەگەڵ دەرەوەی وڵاتیش دروست دەبێت کە ئەمەیان زۆر گرنگە و پەیوەندییەکەمان دروست کردووە، ئێمە دەمانەوێت لەڕووی مرۆڤایەتییەوە خزمەتێکی شوێنەوار بکەین و شوێنەوارەکانی خۆشمان بپارێزین".
نادر بابەکر محەمەد دەربارەی ئەوەی مێژووی کۆنترین شوێنەوار لە سنووری پارێزگای هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵ پێش ئێستا رایگەیاند "بۆ نموونە گردی قالنچ ئاغا، گرد نادر و قەڵای هەولێر مێژووی هەر یەکێکیان شەش بۆ حەوت هەزار ساڵ پێش زایینە و شوێنی نیشتەجێبوون بووە، بەڵام ئەگەر بچین بۆ کۆنترین شوێنی مێژوویی نیشتەجێبوون لە کوردستان ئەشکەوتی شانەدەرە کە تەمەنی ٤٥ تا ٦٠ هەزار ساڵ پێش ئێستایە، ئەمە کاتی خۆی بەوە خەمڵێندرا، بەڵام ئێستا دەڵێن مێژووەکەی بۆ ١٠٠ هەزار ساڵ پێش ئێستاش دەبێت".
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر دەربارەی ئەوەی فراوانبوونی شارەکان تا چەند زیانی بە شوێنە شوێنەوارییەکان گەیاندووە گوتی: "بەپێی فەرمانێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کە بۆ هەموو وەزارەتەکان نێردراوە، بەبێ بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری شارەکان هیچ پرۆژەیەک مۆڵەتی نادرێتی، پێش دەستپێکردنی پرۆژەکە دەبێت رووپێوی بۆ شوێنەکە ئەنجامبدرێت ئینجا مۆڵەتیان دەدرێتێ، جگە لەوەش پێویستە بەڵێننامە پڕبکەنەوە کە ئەگەر لەکاتی کارکردن لەژێر خاکەکە هەر شوێنەوار یان کەرەستەیەکی ئاسەواری دەرکەوت دەبێت بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار ئاگاداربکەنەوە بۆئەوەی بتوانین شوێنەوارەکە رزگار بکەن و چارەی بۆ بکەن، واتە هەم شوێنەوارەکە بپارێزین و هەم پرۆژەکە بەردەوام بێت لە کارکردن، بۆ نموونە لەناو شاری هەولێر لەکاتی دروستکردنی بینایەکی بازرگانی لەژێر خاکەکەدا کارێزێک دۆزرایەوە کە بە کەرپووچ دروست کراوە کە ئەوە جوانترین کارێزە لە هەولێر لەڕووی شێوازی دروستکردنی و دانانی کەرپووچ تیایدا، بۆ ئەمە پرۆژەکەمان رانەگرت و کارێزەکەشمان پاراست ئێستا لەژێرزەمینی بیناکە، کارێزەکە ماوە و پلانمان هەیە رووناکی پێ بگەیەنین و وەک شوێنێکی شوێنەواریی خەڵک بتوانێت بیبینێت".
نادر بابەکر محەمەد گوتیشی: "بە دڵنیایییەوە فراوانبوونی شارەکان زیانێکی زۆری بە شوێنەوار گەیاندووە، زۆر شوێن هەیە رووپێوی بۆ نەکراوە بۆ نموونە لە کلک مشک شەقام دروستکراوە، گوندی کۆنی کلک مشک کەوتووەتە ژێر شەقامەکە و نەماوە لەکاتێکدا لە نووسراوە کۆنەکانی عوسمانییەکاندا ناوی هاتووە، ئێستا کەوتووەتە ژێر شەقامی ١٠٠ مەتری هەولێر، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە و دەکرێت بەرنامە و پلانمان هەبێت بۆئەوەی ئەوانەی کە ماون و هەیە بیانپارێزین، چونکە ئەوەندە زۆرە کە دەبێت بەچڕی ئیشی لەسەر بکەین ئەوەش بۆ ئێمە باشە کە کابینەی نۆیەم یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی پاراستنی شوێنەوارەکانە کە ئەمە بۆ ئێمە گرنگە".
شەقامی بازنەیی ١٥٠ مەتری هەولێر، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکان و بە چواردەوری هەولێردا دروست دەکرێت، ئەم پرۆژەیە بەپێی نوێترین رووپێوی شوێنەواریی ژمارەیەک شوێنەواری مێژوویی بەردەکەوێت و دەبێت بەژێر شەقامەکەوە، بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، نادر بابەکر محەمەد لە دەربارەی ئەمە گوتی: "لە دەرئەنجامی رووپێوی شوێنەواریی ئەو بەشەی کە ماوە جێبەجێ بکرێت لە شەقامی ١٥٠ مەتری هەولێر کە لە شەقامی کەسنەزان تا شەقامی مووسڵ درێژ دەبێتەوە، نزیکەی ١٤ شوێنی شوێنەواریی بەر شەقامەکە دەکەون، هەم گردی شوێنەواری تیادایە هەم تیاشیدایە زەوی تەختە و دەبێت کنەوپشکنینی بۆ ئەنجامدەین، ئێستا لەسەر خەتین لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی کە بوودجەی پێویستمان بۆ تەرخان بکەن بۆئەوەی دەست بەکاری خۆمان بکەین لەبەر ئەوەی ناکرێت سبەی کە درا بە کۆمپانیا لەسەر کارەکە رایانبگرین، بۆیە دەمانەوێت پێشوەختە کارەکانی خۆمان تەواو بکەین ئەوجا بدرێت بە کۆمپانیا".
شوێنەوار بۆ نووسینەوەی مێژوو، گرنگترین بەڵگەنامەی ماددیە بەدەست نەتەوەکانەوە و بۆ ئێستاش، سەرچاوەیەکی سەرەکی راکێشانی گەشتیارە لە وڵاتانی دنیا.
نادر بابەکر محەمەد دەربارەی ئەوەی چارەسەریان چییە بۆئەوەی ئەو شوێنەوارانە لەناونەچن رایگەیاند "چارەسەر بۆ ئەوە تەنها کنەوپشکنینی شوێنەوارییە، ئەگەر کەلوپەلی شوێنەواریی گواستراوەبێت ئەوانە دەگوازینەوە و ئەگەر شوێنێکی شوێنەواریی زۆر گرنگ بوو کە دەرکەوت ناتوانین بیگوازینەوە و دەبێت بمێنێت، ئەوکات دەبێت چارەیەکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە ئینجا یان بە دروستکردنی بەرزەپرد یان جێگرەوەیەکی دیکە بۆئەوەی ئەو شوێنانە بپاریزرێن".
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر، نادر بابەکر محەمەد لە وەڵامی ئەوەش ئەگەر پێشنیازەکانیان گوێی پی نەدرا چی دەبێت گوتی: "ئەگەر بە قسەمان نەکرێت، هەموو لایەک تووشی کێشە دەبین، هەم ئێمە وەک بەرێوەبەرایەتی شوێنەوار و خەڵک لێمان قبوڵ ناکات دەڵێن دیارە ئێوە کارتان نەکردووە هەم بۆ حکوومەتیش باش نابێت، بۆیە پێموایە حکوومەت چارەی ئەو بابەتە دەکات".
news_share_descriptionsubscription_contact
