Rewa Mahmood Hasan
29 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
لە شاری سلێمانی بە بەشداری چەندین کۆمپانیا و بەرهەمهێنی ناوخۆیی، فێستیڤاڵی پاییزەیی بەرهەمی ناوخۆیی لەنێو کارگەی کۆنی جگەرەی سلێمانی کرایەوە.
فێستیڤاڵەکە رۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە بۆ کاتژمێر ١٠ی شەو بەردەوام دەبێت و بڕیارە بۆ ماوەی پێنج رۆژ، تا سێی تشرینی یەکەمی داهاتوو بخایەنێت.
سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی پاییزەی بەرهەمی ناوخۆیی، ساکار حەمە کەریم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئێمە بەپێی وەرزەکان بەشدار دەبین و ئەمەی ئێستا کراوەتەوە، فێستیڤاڵی پاییزەی بەرهەمە ناوخۆییەکانە لە شاری سلێمانی لە کارگەی جگەرە. رۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانییەوە تاوەکو کاتژمێر ١٠ی شەو لە پێشوازی میوانەکاندا دەبین، بۆ ماوەی پێنج رۆژ".
ساکار حەمە کەریم لەبارەی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە و جۆری بەرهەمەکانیشەوە گوتی: ''٤٢ کشک لەنێو شوێنی فێستیڤاڵەکەدا هەیە، بەڵام بەهۆی زۆریی کۆمپانیاکانەوە لە هەندێک کشکدا دوو کۆمپانیا جێگیر کراون. خۆی لە نیشاندانی بەرهەمی ناوخۆییدا دەبینێتەوە کە ١١ هەنگەوان، کارگەی دروستکردنی پاککەرەوە، وشکە، هەنار، گوێز و چەندین بەرهەمی رووبەهەنار، سرکەی سێو و بەرهەمە کوردەوارییەکانی تر نیشان دەدرێت و بازاڕی بۆ پەیدا دەکرێت، لەکاتێکدا ئێمە زۆرێکمان بێبەش بووین لە دەستگەیشتنمان بە بەرهەمی کوردەواریی، بەهۆی هاوردەکردنی بەرهەمی وڵاتانی ترەوە".