هونەر و كلتوور, ژيان

پیشەی دارتاشی لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر

- دارتاش، زوهێر شاکر بەقاڵ: "پیشەکەم ناسنامەی میللەتێکە، هەر بۆیەش هەوڵمداوە منداڵەکانم لە پیشەکەم بەردەوام بن و بۆخۆشم تا لە ژیاندابم لەسەر کارەکەم بەردەوام دەبم".

Heman Husseın Yaseen  | 15.01.2020 - نوێکردنەوە : 18.01.2020
پیشەی دارتاشی لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر

Arbil

هەولێر - AA

یەکێک لەو پیشانەی کە تا ئێستاش وەکو کولتوور لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر ماوەتەوە، پیشەی دارتاشییە و ئەم پیشەیەش مێژوویەکی کۆنی هەیە و دارتاشان هەوڵیانداوە نەوەکانی دوای خۆشیان فێری پیشەکە بکەن و گرنگی بە کارەکەیان بدەن.

دارتاشێک کە ماوەی ٢٨ ساڵە لە یەکێک لە دوکانەکانی بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر خەریکی پیشەی دارتاشییە ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لە هاووڵاتییانی هەرێم، خەڵکی بیانیش سەردانیان دەکەن و پرسیاری ئەوەیان لێ دەکەن کە کام کەلوپەل کاری دەستییە بۆئەوەی لەگەڵ خۆیان بیبەنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

دارتاش، زوهێر شاکر بەقاڵ کە نزیکەی ٢٨ ساڵە خەریکی کاری دارتاشییە سەبارەت بە پیشەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ٢٨ ساڵە لەم دوکانەدا خەریکی ئەم کارەم و کاتی خۆی باپیرم لە دوکانەکەی تەنیشتمەوە بوو، ئێمە خەریکی پیشەی دارتاشین و کارەکانمان هەمووی پەیوەستە بە دار، دارەکانیش چەند جۆرێکن بۆ نموونە داری خۆمان زیاتر دار گوێز، بێ و ئەسپیدارە، داری بیانیش ساج و جاوە کە لێرە بەکاری دەهێنین، بەڵام باشتریینیان دارەکانی خۆماڵین کە ئەسپیندارە چونکە نرخی هەرزانە و کارکردنیشی تیادا خۆشە".

لەبارەی خواستی خەڵک سەبارەت لەسەر کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکان، زوهێر بەقاڵ گوتی: "خواستی خەڵک وەکو جارانە، ئەو کەلوپەلانەی کە پێداویستی ماڵە هەمووی لێرە دەست دەکەوێت و خەڵک دەیکڕێت، لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێک ئامێری دارتاشی هاتووە کە کارەکانی ئێمەی خێراتر کردووە و دەتوانین کەلوپەلەکان بە ماوەیەکی کورت دروست بکەین کە جاران بۆ دروستکردنی هەر کەلوپەلێک کارێکی ئێجگار زۆرمان پێویست بوو". 

ئەو ئاماژە بەوەیش دەکات کە ئێستا خواست لەسەر هێرەگ هەیە و دەشڵێت هەتا لە ژیاندابم ئەو کارە دەکەم و پیشەکەی بە بەشێک لە کولتوور و مێژووی شاری هەولێر دەزانێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێستا زیاتر هێرەگ دروست دەکەم، ئەگەر بمەوێت دەتوانم رۆژانە ٦٠ دانە هێرەگ دروست بکەم بە جۆرەکانییەوە کە هێرەگ بۆ ئارد، بێژین بۆ گەنم و ساوار، سەرەند بۆ نۆک و پاقلە بەکار دێت".

زوهێر شاکر گوتیشی: "پیشەکەم ناسنامەی میللەتێکە، هەر بۆیەش هەوڵمداوە منداڵەکانم لە پیشەکەم بەردەوام بن و بۆخۆشم تا لە ژیاندابم لەسەر کارەکەم بەردەوام دەبم".

زوهێر شاکر باسی لەوەیشکرد کە جگە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، خەڵکی بیانیش سەردانی بازاڕی قەیسەری دەکەن و ئەو شتانە دەکڕن کە کاری دەستییە و لەلای ئەوانیش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "جگە لە هاووڵاتییان، خەڵکی بیانیش روو لە بازاڕی قەیسەری دەکەن و زیاتر ئەو شتانە دەکڕن کە کاری دەستی خۆمانە و لەلای ئەوان گرنگی تایبەتی هەیە و وەکو شتێکی جوانکاریی دەیکڕن و دەیبەنەوە وڵاتانی خۆیان، بەڵام ئێستا زیاتر کەلوپەلەکان لە رێگای کارگەوە دروست دەکرێن چونکە بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت مڵاکێکی گەورە دروست بکەین، رۆژانە دەتوانین سێ دانە دروست بکەین و نرخەکەیشی سێ هەزار دینارە کە ئەمە وەڵامدەری ماندووبوونەکەی ئێمە نییە بۆیە لە رێگای کارگەوە دەتوانین ژمارەیەکی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا دروست بکەین و کەمتر ماندوودەبین".

بازاڕی قەیسەریی شاری ھەولێر دەکەوێتە بەرامبەر قەڵای ھەولێر و کەوتووەتە نێوجەرگەی شار و مێژووی دروستکردنی بازاڕەکە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەگەرێتەوە و رووبەرەکەی نزیکەی ٥٠ ھەزار مەتر چوارگۆشەیە، سەدان دوکان لەخۆدەگرێت و رۆژانەش دەیان ھەزار ھاووڵاتی سەردانی بازاڕەکە دەکەن.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın