Azad Mohammed Abdullah
13 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2019
دهۆک - AA
ماوەى پێنج رۆژە فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى دهۆک بەردەوامە و تا ئێستا ٧٠ کورتە فیلم، درێژە فیلم و فیلمى دۆکیۆمنێتارى نمایش کراون و لە رۆژانى داهاتوودا، ٣٢ فیلمى دیکە نمایش دەکرێن.
بەرپرسى خۆبەخشانى فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى دهۆک، سوندس ئیسماعیل لە لێدوانێکى تایبەتدا لەبارەى بەشداربوونى ئافرەت لە فێستیڤاڵەکەدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: " فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى دهۆک رۆژانە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆى دهۆک و دهۆک مۆڵ بەڕێوە دەچێت و تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ ئافرەت بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە و چاوەڕوان دەکرێت بەشدارى ئافرەت زیاتر بێت".
ئاماژەى بەوەدا کە ئەو ئافرەتانەى لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن لە ئەکتەر، سینەماکار، دەرهێنەر، خۆبەخش و بینەر پێکهاتوون و گوتیشى: "٣ دەرهێنەربیانى، ٢٥ ئەکتەر و سینەماکارى ئافرەتى کورد و بیانى لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن و، لە کۆى ١٢٠ خۆبەخش ٤٠ کچ و ژن کە ئافرەتى بە ئەزموون و دەرچووى کۆلێژە جیا جیاکانن، خۆبەخشانە کاردەکەن بۆ سەرخستنى فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى دهۆک".
سوندس ئیسماعیل کە خۆى بەرپرسى ئافرەتە خۆبەخشەکانى حەوتەمین فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى دهۆکە رۆڵى ئافرەت و پێشوازى ئافرەت لە فێستیڤاڵەکە بە گرنگ دەزانێت و دەڵێت "نیشانەى سەرکەوتنى فێستیڤاڵەکەیە کە دەبینین ساڵ دواى ساڵ بەشدارى ئافرەت بەرەو زیاد بوون دەچێت".
زیاتر لە ٥٠ پێشمەرگەى ئافرەت وەکو بینەر بەشدارییان لە فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى دهۆک کرد، بەشدارى ئەو ئافرەتە پێشمەرگانە لەوەوە سەرچاوەى گرتبوو کە فیلمێک لەبارەى پێشمەرگە لە فێستیڤاڵەکە نمایش کرا.
سینەماکارى کورد، ڤیان مایی دامەزرێنەرى یەکەمى فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى دهۆک لەبارەى بەشدارى ئافرەت لە فێستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "شانازى بەخۆم دەکەم کە دەبینم بیرۆکەکەم تا ئێستا کارى پێدەکرێت و ساڵانە بەرەو پێش دەچێت، بەشداریى ئافرەت لە فێستیڤاڵەکەدا پەیامێکى گەورە و گرنگە و ئەوە دەگەیەنێت کە ئافرەتانى کورد بە توانان و دەیانەوێت بە هونەر و سینەما و پاڵپشتى کردنى سینەماکاران خزمەت بە وڵاتەکەیان بکەن".
ئافرەتێکى بیانى بە جلوبەرگى کوردییەوە پێشکەشکارى زمانى ئینگلیزى فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى دهۆکە، ئایا ئەمە لاوازى ئافرەتى کورد نیشان نادات؟بۆچى ئافرەتێکى کورد ئەم ئەرکە هەڵنەستا؟ ئەم سینەماکارە ناودارەى کورد کە خۆى دامەزرێنەرى فێستیڤاڵى نێودەوڵەتى فیلمى دهۆکە، لە وەڵامدا نیگەرانى خۆى دەربڕى و گوتى: "بێگومان ئەمە هەڵەیەکى گەورەیە بەڕێوەبەرانى فێستیڤاڵەکە ئەنجامیانداوە، چونکە ئافرەتانى کورد لێهاتوون و تواناى ئەوەشیان هەیە فێستیڤاڵ بە زمانى ئینگلیزى و زمانەکانى دیکەش پێشکەش بکەن".