Dilşad Seyfeddin Ahmed
17 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2015
سلێمانی
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەلا بەختیار لە كۆڕێكدا لە شاری سلێمانی بۆ خوێندكارانی زانكۆی پۆلی تەكنیكی شارەكە باسی لە دوایین گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و سەردانەكەی ئەم دواییەی وەفدی باڵای حزبەكەی بۆ بەغدا و چەند پرسێكی تر كرد.
مەلا بەختیار لە بەشێكی كۆڕەكەیدا خۆشخاڵی خۆی نیشاندا بە هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە ئەنقەرە و لەو بارەیەوە گوتی: "پێش ماوەیەك سەرۆكوەزیرانی توركیا لە كاتی پێشوازی كردنی بەڕێز مەسعود بارزانی ئاڵای هەرێمی كوردستان هەڵكرابوو ئەوەش دڵمان پێی خۆش دەبێت، چەند خۆشە لە پایتەختی توركیاوە ئاڵای هەرێمی كوردستان هەڵبكرێت و ئەوە چەسپی، ئەوەش لە مێژوودا چەسپیوە سەرۆكوەزیرانی توركیا هاتووەتە هەرێمی كوردستان".
مەلا بەختیار كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بەسەرۆكایەتی شاندێكی حزبەكەی سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی تری عێراقی كۆبویەوە، لە بارەی دەرەنجامی ئەو سەردانانەوە دواو گوتی: "هەوڵی جدیمان داوە زەمینەیەك بڕەخسێنین شاندی باڵای هەرێم بچێتە بەغدا و گفتوگۆ و رێكەوتن و دەستكەوتێكی باشی هەبێت".
ئەو هەروەها گوتی: "دوێنێ بە هەوڵی فراكسیۆنە كوردیییەكان كە هەوڵێكی جددیان دا بۆ چەسپاندنی 17 لەسەدی پشكی هەرێم لە بوودجەدا هەرچەندە دەوڵەتی یاسا دژایەتی ئەوەی كرد، ئەم چەسپاندنەش گرنگە بۆ ئەوەی حكوومەتی ئێمە بچێتە بەغدا و لە نەوتەوە بۆ جەو چارەسەری كێشەكانیان لەگەڵ بكەین".
مەلا بەختیار زیاتر لەو بارەیەوە دواو گوتی: "پێشنیاری ئێمە و حزبەكانی تر ئەوەیە پێشنیارێكی پاكێجیمان پێشكەش كردووە كە دانوستان لە بەغدا تەنها لەسەر نەوت نەبێت و هەموو كێشەكانی تر بگرێتەوە و یەكلا بكرێتەوە لەوەی كێشەكان چی لێبكەین و حەشدی شەعبی چی لێبكەین".