Sangar Hamad Azeez
19 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2015
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێگای تەلەفونەوە پەیوەندی بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباماوە کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەکانی کۆشکی سەرکۆمارییەوە وەرگیراون، لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا هەردوولا باسیان لە بارودۆخی سەربازانی تورکیا لە بەعشیقە و پەیوەندی نێوان تورکیا - عێراق کردووە.
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما داوای لە ئەردۆغان کردووە هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی لەگەڵ عێراق.
هاوکات رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا هەمووکات رێزی لە سەروەری خاکی عێراق گرتووە و گوتی: "بوونی سەربازانی تورکیا لە عێراق تەنیا بۆ مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی داعشە".
هەردوو سەرۆک باسیان لە چۆنیەتی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەمریکا و تورکیا و عێراق بەیەکەوە کار بکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان و باراک ئۆباما هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە بۆ لاوازکردنی داعش دەبێت یارمەتی سەربازی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بدرێت و زەمینە خۆش بکرێت بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی رێککەوتنی کۆبوونەوەکانی جنێڤ و ڤییەنا لەبارەی سووریاوە.