İbrahim Yaldız
26 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2022
مووش - AA
دانیشتووانی گوندی یڵانڵی له قهزای ڤارتۆ سەربە پارێزگای مووش پێشبڕكێی ئهسپسوارییان ئەنجامدا.
پێشبڕکێکە بە ئامادەبوونی دانیشتووانی گوند و ژمارەیەک لەو هاووڵاتییانەی لە شارۆچکە و گوندەکانەوە هاتبوون، لەو گۆڕەپانەدا ئەنجام درا کە گوندنشینان بە توانای خۆیان دروستیان کردووە و ناویان ناوە "گۆڕەپانی نوری ئەفەندی".
لە پێشبڕکێکەدا ئەسپسوار مەهمەت نوری یاڵچنەر بە ئەسپەکەیەوە کە ناوی "میر باران"ە و تەمەنی چوار ساڵە، توانی بە بڕینی چوار هەزار و ٥٠٠ مەتر لە گۆڕەپانی پێشبڕکێی ئەسپ پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.
موختاری گوند، مەهمەت لوتفی یاڵچنەر بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند ساڵانە دوو جار ئەم پێشبڕکێیە ئەنجام دەدەن کە وەک نهریتی لێهاتووە لە گوندەکە.
مەهمەت لوتفی یاڵچنەر تیشکی خستە سەر ئەوەی گوندنشینان گرنگی زۆر بەو پێشبڕکێیە دەدەن و گوتی: "داواکاریمان لە لایەنه پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت ئەوەیە ئەو گۆڕەپانە کە بە توانای خۆمان دروستمان کردووە بۆمان بکاتە گۆڕەپانێکی پێشکەوتووی پێشبڕکێ. چەندین ساڵە پێشبڕکێی ئەسپسواری ئەنجام دەدەین و هەوڵ دەدەین ئەمە وەک كولتوورێك بۆ نەوەکانی داهاتوو بگوازینەوە. بڕی هەزار لیرەی تورکیمان وەک خەڵات دا بەو کەسەی ئەسپەکەی لە پێشبڕکێکەدا یەکەم بوو. ئەم پێشبڕکێیەی ئەسپسواری میراتێکی کولتوورییە و لە باب و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە".
مەهمەت نوری یاڵچنەر کە ئەسپەکەی لە پێشبڕکێکەدا یەکەم بوو، سوپاسی ئەوانەی کرد کە بە ئەسپەکانیان لە پێشبڕکێکەدا بەشداربوون، گوتی: "هەستێکی زۆر خۆشە، هەوڵ دەدەین بەردەوامی بە وەرزشەکانی ئەسپسواری بدەین".
لای خۆیهوه گوندنشین فەوزی یاڵچنەر ئاماژەی بەوە دا گوندنشینان بۆ سەیرکردنی پێشبڕکێکە لە بەیانی زووەوە هاتوونەتە گۆڕەپانەکە و گوتی: "پێشبڕکێکە لە کەشێکی زۆر خۆشدا بەڕێوە چووە".