سلێمانی
پاڕێوڵەی بچوك کە بە لەواوان ناسراوە، گوندێكی ناوچەی گەرمیانە و دەكەوێتە نزیك ناحییەی باوەنوور لە دووری 30 كلم لە باكووری رۆهەڵاتی شاری كەلار.
ئەم گوندە نزیكەی 50 خێزان (275 کەس) تیایدا نیشتەجێن و دانیشتووانەكەی بە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، لە ناوچەكەدا بەوە ناسراون هیچ كەسێك لە دانیشتووانەكەی لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانەوە، جگەرەیان نەكێشاوە.
جگەرەكێشان دیاردەیەكی جیهانییە و زۆربەی وڵاتانی هەوڵی رووبەڕووبوونەوەی دەدەن، بەهۆی جگەرەکێشانەوە ساڵانە دەیان هەزار كەس دەمرن و دەیان هەزاری دیکەش تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەبنەوە.
لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای دەركردنی پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بە جگەرەكێشان (یاسای نەهێشتنی جگەرە كێشان ژمارە 31ی ساڵی 2007)، ئەو دیاردەیە لەناو گەنجاندا بەربڵاوە.
بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە هەرێمی كوردستان نرخی جگەرە هەرزانترە و چەندین بازاڕی تایبەت بە فرۆشتنی جگەرە هەیە، زۆر كاتیش لە هەرێمەوە بە شێوەیەكی نایاسایی جگەرە دەبرێتە وڵاتانی دراوسێ.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان خاڵس قادر بۆ ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستا ئامارێكی دروستمان لەبەردەست نییە لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان جگەرە كێشن، یان بەهۆی جگەرەوە دەمرن، بەڵام زۆرینەی هۆكاری مردن بە هۆی نەخۆشییەكانی دڵەوەیە كە هۆكاری سەرەكی جگەرە كێشانە."
دانیشتووانی گوندی لەواوان باس لەوە دەكەن جگەرە نەکێشانەکەیان جگە لەوەی لە نەخۆشییەكان دوری خستوونەتەوە، دەنگدانەوەی خۆی هەبووە و بەو هۆیەوە چەند جارێك میدیاكان كاریان لەسەر كردوون، هەروەها لە كاتی سەردانی فەرمانگەكاندا بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان، ئاماژەیان بۆ دەكەن بەوەی دانیشتووی گوندە جگەرە نەکێشەکەن.
ئیبراهیم محەمەد ئەنجومەنی گوندی لەواوان بە ئاژانسی ئەنادۆلوی راگەیاند کە نزیكەی سەدەیەكە گوندەكەیان ئاوەدان كراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ كام لە دانیشتووانی گوندەكە جگەرە ناكێشن و تەنانەت تەپڵەكی جگەرەش لە ماڵەكانیاندا نییە.
سەبارەت بەوەی تا ئێستا كەس هەبووە لە دانیشتووانی گوندەكە خواست و ئارەزووی جگەرەكێشانی هەبووبێ، ئیبراهیم محەمەد گوتی: "لە سەرەتای ئاوەدانکردنەوەی گوندەكەمان لە لایەن باوباپیرانمانەوە رێنمایی كراون كە خۆیان لە جگەرە کێشان بە دوور بگرن، وەك رێزێكیش بۆ ئەو رێنماییە، تا ئێستا هیچ كەس بە ئاشكرا و بە نهێنی جگەرەی نەكێشاوە و زۆریش لە كەس نەكراوە كە جگەرە نەكێشێ."
بە گوتەی ئەنجومەنی گوندەكە، بەهۆی دووركەوتنەوە لە جگەرە تا ئێستا هیچ كام لە دانیشتووانی گوندەكە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان یاخود هەر نەخۆشییەكی دیکە كە هۆكارەكەی جگەرە كێشان بێ، گیانی لەدەست نەداوە.
ئیبراهیم كەریم پیاوێكی تەمەن 60 ساڵی دانیشتووی گوندی لەواوانە و سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییە، ئەو لەبارەی جگەرەنەکێشانی دانیشتووانی گوندەكەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە پێش ساڵی 1991 و ئاوارەبوونمان بۆ وڵاتی ئێران، پیاوە پیرەكانمان جگەرەیان دەكێشا، بەڵام دوای گەڕانەوەمان بۆ گوندەكە هەمووان وازمان لە جگەرەكێشان هێنا."
ئەو هۆكاری وازهێنان لە جگەرەكێشان بۆ گرانی و ئەو گەمارۆ ئابورییە دەگێڕێتەوە كە لەو كاتەدا لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەسەر عێراقدا سەپێنرابوو ، ئەوەش وایکردبوو "هاوڵاتییان بە دوای پاروە نانێكدا بگەڕێن و كەمتر بیریان بەلای جگەرەكێشانەوە بوو."
ئیبراهیم گوتیشی: "ئەو گرانییە بووە هۆی كۆتاییهێنان بە جگەرەكێشان لەناو خەڵكی گوندەكەدا و لەو ساڵەوە هیچ كەسێك لە گوندەكەدا جگەرەی نەكێشاوە".
هەروەها ژنێكی بەتەمەنی دانیشتووی گوندەكە پیرۆز ئەحمەد حەسەن بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی 23 ساڵە كەسم نەبینیوە جگەرە بكێشێ، ئێمە جگەرەمان پێوە نایە و هەركەس جگەرە بكێشێ نەخۆش دەكەوێ."