Rauf Maltaş
20 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2022
ئورفا - AA
لەژێر ناوی مارکەی "میزۆپۆتامیا" بەهای گەشتیاریی پارێزگاکانی ناوچەی باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵو لە رێگەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان، پێشانگاکان، تۆڕی کۆمەڵایەتی و میدیاکانەوە بەرز دەکرێتەوە.
براندی "میزۆپۆتامیا" کە بەهای گەشتیاریی تورکیا لە ناوچەکەدا بۆ سەردانیکەرانی ناوخۆیی و بیانی دەخاتەڕوو، بە پاڵپشتی وەزارتی کولتوور و گەشتیاری و بە هەماهەنگی سەرۆکایەتیی ئیدارەی گەشەپێدانی ناوچەی گاپ، بەهێز دەکرێت.

لەم چوارچێوەیەدا، ئیدارەی گەشەپێدانی گاپ ئامانجی فراوانکردن و بەردەوامیدانە بە چالاکییەکانی ناساندنی مارکەکە کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی زیاتر بهێنرێتە ناوچەکە.
ئیدارەی گەشەپێدانی گاپ کە بۆ ناساندنی ئەو براندە، رێککەوتنی لەگەڵ زۆرێک لە کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیی کردووە لە گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەناو فڕۆکەکان ئەو براندە دەناسێنێت.
بڕیارە ئەو ریکلام فیلمانە پەخش بکرێن کە بۆ ناساندنی براندەکە ئامادەکراون.
زۆرێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکان کە ساڵانێک بوو لەژێر ناوی "گەشتی GAP" گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە رێکدەخست، لەمەودوا لەژێر ناوی گەشتەکانی "میزۆپۆتامیا" بەردەوامی بە رێکخستنی گەشتەکانیان بۆ ناوچەکە دەدەن.

لەڕێگەی ئەو براندەوە کە بە جیهان دەناسێنرێت، پلان بۆ ئەوە دادەنرێت لە میزۆپۆتامیا کە بە لانەی شارستانییەت دەناسرێت و بە گۆبەکلیتەپە، چیای نەمرود و قەڵای دیاربەکر، خواردنە بەتامەکانی عەنتاب و ئورفا، کڵێسا دێرینەکانی ماردین، دۆڵی بۆتان و شاخی جودی زیاتر سەرنجڕاکێشە میوانداری زیاتری سەردانیکەری ناوخۆیی و بیانی بکرێت.
سەرۆکی ئیدارەی گەشەپێدانی ناوچەی گاپ، حەسەن ماراڵ بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لەمەودوا لەبری "گەشتەکانی گاپ"، لەژێر ناوی مارکەی "میزۆپۆتامیا"، چالاکییە گەشتیارییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامیان دەبێت.

حەسەن ماراڵ بە ئاماژەدان بەوەی کە براندی میزۆپۆتامیا مێژوویەکی کۆن و رەگداکوتاوی هەیە رایگەیاند کە براندەکە بە ستانداردی نیشتمانیی و نێودەوڵەتیی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە دوای ناساندنی مارکەی میزۆپۆتامیا ژمارەی گەشتیاران لە ناوچەکە زیادی کردووە، ئاماژەی بەوەش دا، پلانیان هەیە ستراتیجییەتی تایبەت جێبەجێ بکەن بۆ زیادکردنی ژمارەی سەردانیکەران بۆ سەرجەم خاڵە گەشتیارییەکانی ناوچەکە.