Bestami Bodruk,Ahmet Kaplan
02 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2021
دیاربه‌كر – AA
له میانی كاره‌كانی كنه و پشكنین له قه‌ڵای زه‌رزه‌ڤان كه مێژووه‌كه‌ی بۆ سێ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه و سه‌رده‌می ئیمپراتۆریەتی رۆمانی وه‌ك "سه‌ربازگه" به‌كارهێندراوه، فلوتی ئێسقان و كلیلی برۆنز دۆزرانه‌وه كه مێژووه‌كه‌یان بۆ هه‌زار و ٦٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له ٢٠١٤ه‌وه به هه‌ماهه‌نگی وه‌زاره‌تی كولتوور و گه‌شتیاریی توركیا كاركردن له‌و قه‌ڵایه به‌رده‌وامه كه ده‌كه‌وێته نزیك شارۆچكه‌ی چنار له پارێزگای دیاربه‌كر و ناوی خراوه‌ته لیستی میراتی كاتیی جیهانی یونیسكۆ، تا ئێستا چه‌ندین شوێنه‌واری مێژوویی وه‌ك په‌رستگای ژێرزه‌وی میتهراس، قه‌ڵای به‌رگریی، كڵێسا، ته‌لاری حكوومی، خانوو، كۆگای چه‌ك و دانه‌وێڵه، په‌ناگه، كێل، كه‌ناڵه‌كانی ئاوه‌ڕۆ و چه‌ندین به‌رهه‌می شوێنه‌واری وه‌كو خشڵ له‌و قه‌ڵایه‌دا دۆزراونه‌ته‌وه.
سه‌رۆكی تیمی کنە وپشکنین له قه‌ڵاكه كه ئه‌و تیمه له‌لایه‌ن ئه‌نیستیتۆی پێگه‌یاندنی دیاربه‌كر'ه‌وه پێکهێنراوه، پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر دكتۆر ئایتاچ جۆشكون له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه یه‌كه‌مین جاره له میانی كاره‌كانی كنه و پشكنیندا، فلوتی ئێسقان و كلیلی برۆنز بدۆزنه‌وه.
ناوبراو تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه فلوتهكه به‌شێوه‌ی دوو پارچه دۆزراوه‌ته‌وه و دواتر یه‌كخراوه و ده‌ركه‌وتووه به دروستكردنی كونی خڕ له‌سه‌ر ئێسكی قاچی ئاژه‌ڵی بچووك دروست كراوه و له‌سه‌ر رووی ئێسكه‌كه شه‌ش كونی تێ كراوه كه یه‌كێكیان شكاوه و گوتی: "مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی ٤-٥ی پێش زایین. دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م فلوته له رووی گرنگیدانی ئه‌م شاره سه‌ربازییه به میوزیك گرنگی تایبه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت".
دكتۆر ئایتاچ جۆشكون له‌باره‌ی كلیله برۆنزیهكهیشهوه گوتی: "به‌شی زمانه و قه‌دی كلیله كه ده‌می كلیله‌كه‌ی ده‌چێته ناو، چووه‌ته‌ناو به‌شی بازنه‌كه كه به ده‌ست ده‌گیرێت. ئه‌م كلیله كه بۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و سندوقانه به‌كارهێندراون كه كه‌لوپه‌لی زۆر تایبه‌تیان تیادا داندراوه مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌ده‌ی ٤-٥ی پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه".