Abdulhameed Husseın Karam
25 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2020
ھەولێر - AA
لە ئێستادا بە بۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە ، خورما رەواجێکی زۆری لەسەرە لە لایەن ھاووڵاتییانەوە و ئەمەش وایکردووە بەشێک لە بازرگانان ئەوەیان بە ھەلێک زانیوە بۆ ھاوردەکردنی خورمای ماوە بەسەرچوو. بە جۆرێک ھەر ئەمڕۆ چاودێری بازرگانی توانی لە شاری ھەولێر دەستی بە سەر ٣٥ تەن خورمای ماوە بەسەرچوودا بگیرێت.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی لە ھەولێر ھێمن سەید موراد، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند "بە پشت بەستن بە زانیاری ھاووڵاتییان و بەھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی بەحرکە و چاودێری بازرگانی ھەولێر، توانیمان دەست بەسەر ٣٥ تەن خورمای ماوەبەسەرچوودا بگرین"
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی لە ھەولێر گوتی: "ئەو خورمایە ماوەی بەسەرچووە، ھەمیش شوێنەکەی گونجاو نییە بۆ کۆگا کردنی خورما، و رێگریمان لەوە کرد بخرێتە بازاڕەوە و لە ئێستادا بڕیاری لەناوبردنی خورماکەمان داوە"
ھەروەھا ناوبرا گوتیشی: "ئەم خورمایە لە خوارووی عێراقەوە ھێنراونەتەوە ھەرێمی کوردستان و خاوەنەكەش خەڵکی دەرەوەی ھەرێمە و لە ئێستادا بەدواداچوونمان دەستی پێی کردووە و ھەروەھا تا ئێستا ئەو جۆرە خورمایە نەبراوەتە بازار".