عێراق

ھەولێر.. بەڕێوەچوونی نوێژی جەژنی قوربان

موسڵمانان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشدارییکردنییان لە نوێژی جەژن بەرەو دەرگای مزگەوتەکان ھەنگاویان نا و، دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانیش، جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازاییان لەیەکتر کرد.

Heman Hussein Yaseen  | 20.07.2021 - نوێکردنەوە : 23.07.2021
ھەولێر.. بەڕێوەچوونی نوێژی جەژنی قوربان

Arbil

هەولێر - AA

لە مزگەوتی جەودەت ئەسعەدی لە شاری ھەولێر، وەک تەواوی مزگەوتەکانی دیکە، رێوڕەسمی نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو کە تێێدا، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە، مامۆستا کەنعان سیساوەیی دوای نوێژ، گوتاری جەژنی خوێندەوە و تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێک و ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە لە جەژنی قورباندا دەست کراوەبین بەرامبەر بە ھەژار و کەمدەرامەت و ئەوەیشی خستەڕوو پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان ئەرکێکی سەرشانی ھەمووانە و پێویستە پێیەوە پابەند بین.

لە بەرەبەیانییەکی زوو، موسڵمانان بە مەبەستی بەشدارییکردنییان لە نوێژی جەژن بەرەو دەرگای مزگەوتەکان ھەنگاویان نا و، دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانیش، جەژنە پیرۆزە و گەردن ئازاییان لەیەکتر کرد.

وێرای کورد، چەندین عەرەب و کەسانی دیکەی بیانیش وەکو ھندی و بەنگلادیشی و پاکستانی لە مزگەوتەکە ئامادەبوون، ھەندێکیان بە جلوبەرگی کولتووری خۆیان و ھەندێکیان بە جلوبەرگی کوردی بەشداری رێوڕەسمەکەیان کرد.

لەمیانی ئەنجامدانی گوتاری نوێژی جەژن، مامۆستا کەنعان سیساوەیی گوتی: "خوا دەرفەتێکی دیکەی پێداین کە بتوانین بەشداربین لە نوێژی ئەم جەژنە، ھیوادارم لەم جەژنەدا ھەموو رق و قینەیەک لە دڵ دەربچێت، بییەت جەژنێکی ئاشتەوایی، گرنگی ئەم جەژنە لەوەدایە کە دوای نوێژ دەچیەوە ماڵەوە جەژنە پیرۆزە لەگەڵ ئازیزانت دەکەی، ھەرچەندە لەبەر بابەتی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆنا باوەش لێدان و یەکتر ماچ کردن مەکەن و، بەڵکو با لە دڵەوە باوەش بۆ یەکتر بکەینەوە".

مامۆستا کەنعان سیساوەیی گوتیشی: "شکور بۆ خوا ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانان لەم جەژنەدا قوربانیی دەکەن، سوپاسی خوا دەکەین کە دەتوانین ئاژەڵێک سەرببڕین وەکو قوربانیی، دەنا دەبوو ھەموو جەژنێک منداڵێکمان سەر ببڕیبوایە و ئەوکاتیش دژە دینەکان گاڵتەیان پێمان دەکرد، بەڵام خوا وایکرد کە لەم رۆژەدا ئەگەر توانامان ھەبوو، ئەوا ئاژەڵێک بکەینە قوربانیی و یارمەتی ھەژار و کەمدەرامەتان بدەین و دەستمان کراوەبێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مامۆستا کەنعان سیساوەیی ئاماژەی بە پاک و خاوێنی کرد لەمیانی قوربانی کردندا و گوتی: "ھەر کەسێک کە قوربانیی دەکات، پێویستە پاشماوەی ئاژەڵەکە بەشێوەیەکی جوان کۆبکاتەوە و بەجۆرێک فڕێی نەدات کە دواجار دەبێتە ھۆی پیسبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کە بێگومان ئەمەش زیاتر گوناحی پێ دەگات تا خێر، بۆیە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستیی یەکێکە لە ئەرکە ھەرە گرنگەکانی مرۆڤایەتی بەگشتی".

بەھۆی رێنماییە تەندروستییەکان و پابەندبوونیان پێیەوە، گوتارەکە لەماوەیەکی کەمدا کۆتایی ھات و مامۆستاش داوای لە موسڵمانان کرد کە لەدووری یەکترەوە جەژنە پیرۆزە لەیەکتر بکەن و خۆیان لە بەریەککەوتن بە دوور بگرن.

جەژنی قوربان تایبەتە بە ھەموو موسڵمانان کە لە چوار رۆژ پێکدێت و تیایدا موسڵمانان گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەکتری دەکەن، لەم جەژنەدا خێر و قوربانی زۆر دەکرێت و رۆژێکی تیادا دیاریکراوە کە دەکەوێتە رۆژێک دوای ٩ی زولحەججە کە حاجیان لەو رۆژەدا لەکێوی عەرەفە دەوەستن کە گرنگترین پایەی ئەنجامدانی حەجە و، جیاوازیکەری نێوان حەج و عەمرەیە و بەگشتی رۆژەکە دەکەوێتە ١٠ی زولحەججە بەردەوام دەبێت تا ١٣ی زولحەججە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın