Heman Hussein Yaseen
30 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2020
ههولێر - AA
كاتژمێر شهشی بهرهبهیانی ئەمڕۆ سێشەممە، بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە سنووری پارێزگای ھەولێر کەوتە واری جێبەجێکردنەوە و ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
بەھۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، یەکشەممەی رابردوو، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆی دەکرد و بڕیارەکەیەش ئەمڕۆ سێشەممە، ٣٠ی حوزەیران کەوتە واری جێبەجێکردنەوە و تا رۆژی چواری تەمووزی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەپێی بڕیارەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاری ھەولێر لە کاتژمێر شەشی بەیانی تا ١٢ی شەو، ھاتوچۆکردن قەدەغە دەکرێت و سەرجەم بازاڕ و شوێنەکان داخراو دەبن و تەنها رێگا دەدرێت بە کردنەوەی نانەواخانەکان، مارکێتی گەڕەکەکان، دوکانی سەوزە و میوەفرۆشی، عەلوە، ئۆتۆمبێلی دابینکردنی کەلوپەلی مارکێتەکان، ئۆتۆمبێلی گەیاندنی دەرمان، دەرمانخانەی ئێشکگر، ئۆتۆمبێلی فرۆشتنی غازی ماڵان، کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن، تانکەری گازی مۆلیدە و کۆمپانیای خۆراک".
بەپێی زانیارییەکان، بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆ بەشێوەیەک جێبەجێ دەکرێت کە بازنەکانی ٦٠ مەتری و ١٠٠ مەتری شاری ھەولێر لەلایەن ھێزەکانی ئاسایش، بازنەی ١٢٠ مەتری لەلایەن ھێزەکانی زێرەڤانی بهڕێوهدهبردرێن، قەزا و ناحیەکانی دەورووبەر، دەشتی ھەولێر دەکەوێتە ئەستۆی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور و فەرماندەیی ھەولێر.
ھەرچی ناوشار و گەڕەکەکانیشە لەلایەن بنکەکانی پۆلیس و ئاسایشەکانی گەڕەک کۆنترۆڵ دەکرێن و چاودێری رێنماییە تەندروستییەکان دەکرێت و ھەر کەسێک ماسکی نەبەستبێت رێگەی پێنادرێت بچێتە نانەواخانە، مارکێت و ئەو شوێنە خزمەتگوزارییانەی کە بەکراوەیی دەمێننەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە، پێنج ھەزار و ٩٠٤ کەس، لەو ژمارەیەیش ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە.