Sarmand Hameed
07 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٧٢ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، بەمەش کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە، ٩٨ ھەزار و ٨٥٨ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە، سێ ھەزار و ٢٣٤ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار ھەزار و ٦١٩ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، ھاوکات ٣٧٢ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە و ١٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ١١٠ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای سلێمانی، ٥٨ تووشبوو، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای دھۆک، ١٨٣ تووشبوو، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای ھەڵەبجە، چوار تووشبوو.
ئیدارەی گەرمیان، ١٦ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی راپەڕین، یەک تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٧٦ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا ٨٤٦ ھەزار و ٥٦٤ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٩٨ ھەزار و ٨٥٨ تووشبوو، لەنێویاندا سێ ھەزار و ٢٣٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە.