ھەرێمی کوردستان.. ھەزار و ٢٨٥ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ھەزار و ٢٨٥ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و ١٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
Arbil
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ھەزار و ٢٨٥ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ١٨ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، حەفت ھەزار و ١٤٨ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و دەرەنجام ھەزار و ٢٨٥ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:
پارێزگای ھەولێر، ٥٨٠ تووشبوو، دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای سلێمانی، ١٨٧ تووشبوو، ھەشت حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای دھۆک، ٤٤٠ تووشبوو، شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای ھەڵەبجە، ٢٧ تووشبوو، یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان، ٣٢ تووشبوو.
ئیدارەی راپەڕین یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٥٠٣ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە، ھاوکات لە سەرەتای سەرھەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تا ئێستا، ٦٣٤ ھەزار و ٣٣٤ پشکنین لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٧٤ ھەزار و ٣٣٤ تووشبوو کە ٢٧ ھەزار و ٢٣٩ لە ھەولێر، ٢٢ ھەزار و ٨٠ لە سلێمانی، ٢٢ ھەزار و ٥٥٣ کەس لە دھۆک و دوو ھەزار و ٤٦٢ لە ھەڵەبجە بووە، لەنێویاندا دوو ھەزار و ٤٠٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ٦٩١ لە ھەولێر، ھەزار و ١٨٧ حاڵەت لە سلێمانی، ٤٤٠ لە دھۆک و لە ٨٨ حاڵەت ھەڵەبجە بووە.