عێراق

گه‌نجێكى دهۆك پێشانگايه‌كى تایبەت بە ئۆتۆمبێلی کلاسیک ده‌كاته‌وه‌

ئەمیر حسێن ساڵح نێروەیی کە گەنجێكى شارى دهۆكە، پێشانگايه‌كى جياوازى ئۆتۆمبێل ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئۆتۆمبێلی هه‌يه‌، ٩٩ ساڵ پێش ئێستا دروستكراوه‌.

Rawan Subhi Obaiullah  | 15.03.2023 - نوێکردنەوە : 17.03.2023
گه‌نجێكى دهۆك پێشانگايه‌كى تایبەت بە ئۆتۆمبێلی کلاسیک ده‌كاته‌وه‌

Dahuk

دھۆک - AA

گەنجێک ماوەی دوو ساڵە پێشانگایەکی جیاوازی ئۆتۆمبێلی لە ناوچەی پێشانگاکانی کۆمەڵگای تەناھی سەربە شاری دھۆک کردووەتەوە کە ئۆتۆمبێلی کلاسیکن و تیایاندا ھەیە، ٩٩ ساڵ پێش ئێستا دروستکراوە و بەپێی قسەی خاوەن پێشانگاکە، گەنجی تەمەن ٢٥ ساڵ بۆ ٣٥ ساڵ حەزیان لە ئۆتۆمبێلی مۆدێلی "شۆفرلێت کۆرڤێت"ە و دەیکڕن، ھەروەھا ئەوانەی تەمەنیان ٥٥ ساڵ بۆ ٦٠ ساڵە حەزیان لە ئۆتۆمبێلی "فۆردە" لە جۆری کلاسیک.

ئەمیر حسێن ساڵح نێروەیی، خاوەنی پێشانگاکە ‌وەکو خۆی باسی دەکات بیرۆکەی کردنەوەی پێشانگایەکی کلاسیک لە وڵاتێکی ئەورووپی وەرگرتووە،‌ چونکە ١٨ ساڵ لە ئەورووپا ژیاوە و ویستوویەتی لە عێراقیش پێشانگایەکی جیاواز بکاتەوە و گوتی: "ئەم پێشانگایەی کە لە کۆمەڵگای تەناھی لە شاری دھۆک کردوومانەوە، نزیکەی ٣٠ ئۆتۆمبێلکی کلاسیکی تیادایە، یەکەم پێشانگای ئۆتۆمبێلی کلاسیکە لە کوردستان و عێراقدا، لەناو پێشانگایەکەیدا ئۆتۆمبێلی مۆدێل ١٩٢٤، ١٩٢٦، ١٩٣٢ ھەیە، چەندە ئۆتۆمبێلەکە مۆدێلی کۆن و کلاسیک بێت، ئەوا ھێندە زیاتر نرخەکەی گرانتر دەبێت، بە تایبەتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە ژمارەیەکی کەمی لێ دروستکراوە، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلی "royce rolls" و "mach one" ژمارەیەکی کەمی لێ دروستکراوە، "mach one" تەنھا ٢٠٠ دانەی لێ دروستکراوە و "royce rolls" تەنھا ٧٠٠ دانەی لێ دروستکراوە، بەدەست خستنی ئەم ئۆتۆمبێلە کلاسیکییانە زۆر زەحمەتە و پێوە ماندوو دەبین، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە نرخەکەیان گران بێت، ھەمانە فرۆشتوومانە بە ١٨٠ ھەزار دۆلار، ئێمە ئۆتۆمبێلەکان لە ئەمریکا و کەنەدا دەھێنین، ئەمەش کارێکی زەحمەتە، ئەورووپاش ئەم ئۆتۆمبێلە کلاسیکییانەی ھەیە، بەڵام کێشەی ئەورووپا ئەوەیە ئەوانەی ئەو مۆدێلە ئۆتۆمبێلانەیان کڕیووە نایفروشن".

ئەمیر حسێن ساڵح نێروەیی لەو بڕوایەدایە کە لێخورینی ئۆتۆمبێلی مۆدێل کۆن چێژێکی تایبەتی ھەیە و گوتی: "وەکو ئەوە وایە کە تەمەنت ١٨ ساڵ بێت و بۆ جاری یەکەمە خۆت فێری لێخورینی ئۆتۆمبێل دەکەی. لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا فێستێڤالی ساڵانەی تایبەتی ئۆتۆمبێلی کلاسیک ھەیە، ئارەزوومەندانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەشدار دەبن و لەو ئۆتۆمبێلە کلاسیکییانە لێدەخوڕن و چێژی لێ وەردەگرن".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھاتوچۆ، یەک ملیۆن و ٩٧٣ ھەزار و ٧٧٨ ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی تۆمارکراو لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، ھەروەھا یەک ملیۆن و ٩٢٣ ھەزار و ٩٣٠ کەسیش مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلیان وەرگرتووە.

ئەمیر حسێن ساڵح نێروەیی باس لەوە دەکات کە کێشەیان ئەوەیە، ناتوانن زۆر مامەڵە بەم مۆدێلە ئۆتۆمبێلانەوە بکەن و بخەنە سەر ناوی ئەو ھاووڵاتییانەی کە دەیکڕن و دەڵێت، بە هۆی کۆنی مۆدیلەکەیانەوە، بە پێی یاسای حکوومەتی هەرێم رێگریی دەکات لە بەناوکردنیان و ژمارە پێدانیان. لەم بارەیەوە نێروەیی گوتی: "داواکاریمان ئەوەیە کە رێگەمان پێ بدرێت بتوانین بە ناوی ئەو کەسانەوە بکەین کە ئۆتۆمبێلەکە دەکڕن، چونکە خەڵکێکی زۆر حەزیان لێیە بیکڕن، بەڵام کە دەبینن ناتوانن بەناویان بکەین، پاشگەز دەبنەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın