Rewa Mahmood Hasan
23 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2021
سلێمانی - AA
ژمارەیەک فەرمانبەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی گردبوونەوەیەکیان رێکخست و داوایان کرد، سوودمەند بن لە پرۆژەی هەواری زانکۆ کە پێشتر سەروو هەزار و ٢٠٠ فەرمانبەری زانکۆ لێی سوودمەندبوون.
کاتژمێر ٠٩:٣٠ی بەیانی ئەمڕۆ، ژمارەیەک فەرمانبەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی لەبەردەم کەمپی نوێی زانکۆکە گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و تیایدا داوای سوودمەندبوونیان دەکرد لە پرۆژەی هەواری زانکۆ کە خۆی لە پێدانی یەکەی نیشتەجێبووندا دەبینێتەوە بۆ کارمەند و مامۆستایانی زانکۆکە.
راوێژکاری یاسایی کە هاوکات فەرمانبەری زانکۆی سلێمانی-یە، جەبار عوسمان وەک نوێنەری فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا خواستی فەرمانبەرانی زانکۆی ئاشکرا کرد و گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ وەک فەرمانبەرانی سوودمەند نەبووی زانکۆی سلێمانی، بەشێکمان کۆبووینەتەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی خۆمان، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٢دا، بەڕەزامەندی سەرۆکایەتی زانکۆ، بڕیار درا بە تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەو کارمەند و مامۆستایانەی زانکۆی سلێمانی کە سوودمەند نەبوون لە پێدانی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون، ئێمە ئەمڕۆ وەک سودمەندنەبوویەک هاتووین داوای ئەو مافە دەکەین بە پێدانی زەوی پێمان".
جەبار عوسمان ئاشکراشی کرد کە ئەم نووسراوانە کە پەیوەستە بە وەرگرتنی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون، پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە و گوتی: "داوا دەکەین کە جێبەجێ بکرێت، ئێمە ئەم نووسراوانە رادەستی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی دەکەین تاوەکو جێبەجێ بکرێت".