Heman Hussein Yaseen
19 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە سبەی دووشەممە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ، بارانبارین دەست پێ دەکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، پێشبینیی کردووە کە قۆناغی دووەمی کاریگەری ئەو شەپۆلەی رووی لە ناوچەکە کردووە لە سبەی دووشەممەوە، چالاک ببێتەوە و دوای نیوەڕۆ بارانبارین دەست پێ بکاتەوە.
ئاماژەی بەوە داوە کە سبەی دووشەممە لە کاتەکانی شەودا، بارانبارین زیاتر دەبێت و بارانی مامناوەند و ھەندێک جاریش لێزمە باران دەبێت و بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، ئاستی دابارین زیاتر دەبێت و لەگەڵ ھاتنی کاریگەری ئەم شەپۆلە، بارستە ھەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات و بەفریش دەبارێت، پاشان کاریگەری ئەم بارستە ھەوایە ساردە زیاد دەکات و ئاستی بەفربارین زیاتر دەبێت و زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفری لێ دەبارێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بەفر و بارانبارین رۆژی چوارشەممەش بەردەوامی دەبێت و ھەندێک کات تەم دروست دەبێت کە مەودای بینین کەم دەکاتەوە و کاریگەری ئەم شەپۆلە لە رۆژی پێنجشەممە کۆتایی دێت، هاوکات نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەردەوامی دەبێت، پێنجشەممە و ھەینی لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ژێر سفر نزم دەبێتەوە و لە سەنتەری پارێزگاکانیش لە سفر پلەی سیلیزی نزیک دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لەگەڵ ھاتنی ئەم شەپۆلەدا، ھۆشداری لەسەر کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە بڵاودەکەنەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە ئاستی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای ھەولێر زیاتر دەبێت لە چاو ناوچەکانی دیکەدا.