Hemin Hüseyin
09 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
ئەو شەپۆلە باران بارینەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بووەتە مەترسی بۆسەر رێگاوبانەکان و بەتایبەتیش پردەکان، لەم چوارچێوەیەشدا ماوەی دوو رۆژ دەبێت رێگای هەولێر- سلێمانی بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک داخراوە بە هۆی زۆربوونی ئاستی ئاو لە رێگای سماقولی و دروست لەو پردەی کە لەسەر بەنداوی جەلی دروستکراوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەتایبەت ئەوانەی خاوەنی ئۆتۆمبێلی ساڵۆن-ن، بۆ هاتوچۆی نێوان شارەکانی هەولێر و سلێمانی، رێگای کۆیە بەکاربێهێنن و رێگای سماقولی بەکارنەهێنن، چونکە ئەو پردەی کەوتووەتە سەر بەنداوی جەلی بە هۆی زۆری باران بارینەوە و کۆبوونەوەی ئاوێکی زۆر، کێشەی بۆ هاتوچۆ دروستکردووە و تەنها ئۆتۆمبێلە بەرزەکان دەتوانن لێی بپەڕنەوە.
بەنداوی جەلی دەکەوێتە رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و درێژییەکەی ٣٣٦ مەتر و پانییەکەی لەژێرەوە ١٤٠ مەترە و بەرزایی بەنداوەکە ٢٠ مەترە و توانای گلدانەوەی ٨،٦ ملیۆن مەترسێجا ئاوی ھەیە.
بەگوێرەی داتا و ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتی باران بارینی ئەمساڵ زۆر زیاترە بەراورد بە ساڵی رابردوو و زانیارییەکان دەریدەخەن کە کۆی گشتی باران بارینی ئەمساڵ لە پارێزگای هەولێر ٢٨٥،٧ ملیم بووە لە کاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە، ٦٢،٧ ملیم بووە و لە پارێزگای سلێمانی-ش ئەمساڵ ٣٦٦ ملیم و پارساڵ ١١٦ ملیم بووە و لە پارێزگای دهۆک، ئەمساڵ ٣٧٠،٣ و پارساڵ ٥٥،٤ ملیم بووە و لە هەڵەبجە ئەمساڵ ٣٢٣،٨ ملیم و پارساڵ ٦٣،٨ ملیم بووە و لە کەرکووک ئەمساڵ ٢٠٦،٤ ملیم و پارساڵ ١٨،٧ ملیم بووە.
ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا پێشبینییەکانی ٢٤ کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئاسمان ھەور و باران دەبێت و لە دوای نیوەڕۆش ئاسمان بۆ نیمچە ھەور دەگۆڕێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سبەی دووشەممە لە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت، لەگەڵ دروستبوونی تەم لە ھەندێک ناوچەدا.