Ozhin Ramadhan Sali
08 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2021
کەرکووک - AA
ئەمڕۆ شەممە بەشێک لە دوکاندارانی بازاڕی عەلوەی خانخورمای شاری کەرکووک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
یەکێک لەدوکاندارانی بازاڕی عەلوەی خانخورمای شاری کەرکووک، ئەحمەد نەجم لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی: "لەساڵی ھەشتای سەدەی رابردووە لەم عەلوەیە کاردەکەم و دوکانم ھەیە و ماوەی سی ساڵە داوای دابینکردنی شوێنێک دەکەین بۆ ئەوەی لەم شوێنە دەربچین، بەڵام شارەوانییی ئامادەنییە شوێنمان بۆ دابین بکات، لە کاتێکدا لەئێستادا، وەبەرھێنەرێک لەشارێکی ترەوە ھاتووە و زەوی وەرگرتووە بۆ دروستکردنی عەلوە و دەیەوێ ئێمە لەم بازاڕە دەربکات".
ئەحمەد نەجم گوتیشی: "ئەو وەبەرھێنەرە پارچە زەویەکی لەحکوومەت بەکرێ وەرگرتووە و دەیەوێت لەبەرامبەر پێدانی یەک دوکان بڕی ٢٠ ھەزار دۆلارمان لێ وەرگرێت، بۆیە ئێمە ناڕازین و ئامادەنین ئەم بازاڕە چۆڵ بکەین".
کاسبکارێکی دیکەی بازاڕی خانخورمای شاری کەرکووک بە ناوی ھەرێم ئاوا لەوبارەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "حکوومەتی کوردی چەندین ساڵ، لەم شارە دەسەڵاتییان ھەبوو نەیانتوانی کێشەی ئێمە چارەسەر بکەن و شوێنێکمان بۆ دابین بکەن کە کاسبی تیادا بکەین، ئێستا پارێزگاری بەوەکاڵەتی کەرکووک لەرێگای وەبەرھێنەرێکەوە دەیەوێت ئەم بازاڕە دابخات و ئێمە شار بەدەربکات".
ھەرێم ئاوا گوتیشی: "بۆ پێدانی یەک دوکان بەئێمە، بڕی ٢٠ ھەزار دۆلارمان لێ داوا دەکەن لەکاتێکدا بەھۆی قەدەغەی ھاتوچۆوە و کەرنتینی ھاوڵاتییانەوە کارکردن لاواز بووە و ئێمە توانای ئەو بڕە پارەیەمان نییە و ناتوانین ئەم بازاڕە چۆڵ بکەین".
ناوبراو ئەوشی گوت: "بەھۆی خراپی دۆخی ئەمنی، کاسبکارانی کورد ناتوانن بچێنە ئەو عەلوەیەی کە کەوتووە سەر رێگای ناوچەی سەیادەی باشووری کەرکووک،چونکە لەو شوێنە چەندین کردەوەی تیروریستی و رفاندنی ھاوڵاتیی لە ناوچەکە روویداوە" .