Ozhin Jola
24 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2020
کەرکووک - AA
لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی لیوای ٦١ی سوپای عێراق لە کەرکووک دووکچ رزگارکران کە لەلایەن باندێکەوە رفێندرابوون.
هێزێکی سەربە لیوای ٦١ی سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان بەمەبەستی رزگارکردنی دوو کچی رفێندراو ئەنجامدا.
سەرچاوەیەک لە ژووری راگەیاندنی فەوجی یەک سەربە لیوای ٦١ی سوپای عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دوو کچە رفێندراوەکە رزگارکران و ئەندامانی باندەکەش دەستگیرکران.
بە گوتەی سەرچاوەکە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەندامانی دەستگیرکراوی باندەکە کراوەتەوە و بەماددەی ٤٣٢ لە یاسای سزادانی عێراقی رەوانەی دادگا کراون.
سەرچاوەکە راشیگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە پشت بەستن بە زانیاری هەواڵگریی پێشوەختە ئەنجامدراوە و بەسەرکەوتوویی توانرا رفێندراوەکان رزگاربکرێن و تۆمەتبارانیش دەستگیربکرێن.