Ali Makram Ghareeb
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
کەرکووک - AA
لە ئاکامی هێرشی چەکدارانی سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر پاسەوانی دامەزراوەکانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی خەباز خۆرئاوای شاری کەرکووک، کارمەندێکی پۆلیس کوژراوە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، سەعد حەربیە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە هێرش کراوەتە سەر پاسەوانانی بیری نەوت ژمارە ١١ لە کێڵگەی نەوتی خەباز.
سەعد حەربیە باسی لەوە کرد لە هێرشەکەدا کە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە ئەنجامدراوە کارمەندێکی پۆلیس کوژراوە.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو کە هێرشەکە لە کاتی گۆڕینی نۆرەی کارمەندانی پۆلیسدا کراوە و لە میانی هێرشەکەدا، پێکدادان لەنێوان تیرۆریستان و پۆلیس روویداوە.
سەعد حەربیە هەروەها باسی لەوە کرد کە دوای هێرشەکە ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکە دەستیپێکردووە و هێزە ئەمنییەکان بە دوای ئەنجامدەرانی هێرشەکەدا دەگەڕێن.