سلێمانی - AA
ئەمڕۆ شەممە یەکەمین رۆژی چوارەمین کۆنگرەی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و بەردەوام ئەگەر و دەنگۆی دواخستنی کۆنگرە، سەرئەنجام ئەمڕۆ چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبەشداریی هەزار کەس لە هەڵبژێدراوانی کۆمیتە و مەڵبەندەکانی ئەو حزبە دەستی بەکارەکانی کرد.
دهورووبەری کاتژمێر١١:٠٠ بەرە بەرە هاتنی ئەندامەکان بۆ هۆڵی پێشانگاکانی تاسڵوجە کە لە چەندین رۆژ پێشترەوە ئامادەکاریی تیاداکرابوو، دەستیپێکرد.
هێزێکی زۆری ئەمنیی ئەو ناوچەیان بە تەواوهتیی دەپاراست و رێگەکانی هاتوچۆ لە ژێر کۆنتڕۆڵیان دابوو. خەڵکێکی زۆریش لە ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەرەوەی هۆڵی کۆنگرە چاوڕەوانی داهاتووی حزبەکەیان بوون.
کۆنگرەی یەکێتیی لە کاتێکدا دەبەسترێت کە دامەزرێنەری حزبەکە و کەسایەتیی کاریزمای ناوچەکە، جەلال تاڵەبانی لە ژیاندا نەماوە، کە وەک هەموو ئەندامانی یەکێتیی دەڵێن بە دوو قسەی خۆش کۆتایی بە هەموو ناکۆکییەکان دەهێنا و یەکێتیی ناو یەکێتیی بەهێزدەکردەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٥ دامەزراوە. ئەو حزبە تا ئێستا سێ کۆنگرەی بهستووه و لە هەموو کۆنگرەکاندا کۆدەنگییەک هەبوو لەسەر بوونی مام جەلال بە کەسی یەکەم.
لە دۆخی نەبوونی مام جەلالدا یەکێتیی لەم کۆنگرەیە بە درووشمی "نوێبوونەوە" بیر لە پێکهاتەیەکی نوێی رێکخراوەیی دەکاتەوە و بۆ پەسەندکردنی پێویست بە دەنگدان و رەزامەندیی ئەندامانی کۆنگرە هەیە.
لهوبارهیهوه گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەتیف نێروەیی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەموومان چاوڕوانی ئەم رۆژە بووین، ئەمڕۆ کەرنەڤاڵی سەرکەوتنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کەرنەڤاڵی تەبایی و چەپکە گوڵەکەی هەڤاڵ مام جەلالە و دەست لە ناو دەست بۆ بەهێزکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. پەیڕەو ئامادەکراوە و کۆنگرە بڕیاری لێدەدات. کۆنگرەیەکی سەرکەوتوودەبێت".
وەک دەگوترێت، بڕیارە لەم كۆنگرەیەدا یەكێتیی گۆڕانكاریی لە دوو ئەنجوومەنیدا بكات و دوو ئەنجوومەنی نوێش زیادبكات. سهرهتا ئەنجوومەنی گشتیی هەڵدەبژێردرێت كە شوێنی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئێستا دەگرێتەوە. دواتر ئەنجوومەنی رێسادانان پێكدههێنرێت كە وەك مەكتەبی سیاسی ئێستایە، پاشان ئەنجوومەنی جێبەجێكردن دادەمەزرێنرێت كە هاوشێوەی سكرتێر و جێگرەكانی سكرتێری ئێستای یەكێتیی دەبێ.
لەمبارەیەوە ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شەماڵ وەرتی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "بڕیارە ١٢١ کەس وەک ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی یەکێتیی هەڵبژێردرێن، ئەو ١٢١ کەسە دواتر سکرتێر و جێگری سکرتێر هەڵدەبژێرن".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەتیف نێروەیی، بێ ئاگایی خۆی لە چۆنێتیی هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی، نیشاندا و گوتی: "ئەوە ئەرکی کۆنگرە دەبێت و ئەندامانی کۆنگرە بڕیاری لێدەدەن".
كادرانی حزبەكە لەسەرجەم ناوچەكانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركووك، راپەڕین، سەڵاحەدین، نەینەوا، دیالە و دەرەوەی وڵات دەتوانن خۆیان بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی گشتیی یەكێتیی بپاڵێوێن.
هەڵبەت ئەمە لە کاتێکدا دەبێت کە ئەندامانی کۆنگرە سەرەتا پێویستە دەنگ بەو پەیڕەوەی ناوخۆی یەکێتی بدەن کە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
ههروهها باس لهوه دهكرێت لە کۆنگرەدا ئەنجوومەنی دانایان هەڵدەبژێردرێت كە ئەنجوومەنێكی نوێیە لەو كەسانە پێكدێن كە له سەركردایەتیی یەكێتین و خۆیان لە كۆنگرەدا بۆ ئەنجوومەنی گشتیی بەربژێرناكەن.
ئەندامێکی دیکەی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خالید شوانی بوو کە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە بۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی یەکێتیی گوتی: "ھیوادارم کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بێت، ئەمڕۆ پڕۆتۆکۆڵەکە تەواو دەبێت کارەکانی دیکەی کۆنگرە دەکەوێتە سبهینێ".
خالید شوانی ههروهها لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک لەناو ئەنجوومەنی گشتییدا، گوتی: "تا ئێستا یەکلایینەکراوەتەوە چونکە ئەمە گۆڕانکارییە لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتییدا و دواتر دەنگی لەسەر دەدرێت، ھەموو گۆڕانکارییەک جێگای ئومێدە و ھیوادارین یەکێتییش ئەو گۆڕانکارییە بەدەستبھێنێت".
پرسی گۆڕانکاریی ریشەیی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کە رەنگە بەشێکی زۆری کارەکانی کۆنگرە بەخۆیەوە سەرقاڵ بکات، وایکردووە کە بەشێکی زۆری ئەندامانی کۆنگرە ئەوە بە چارەنووسساز بزانن.
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سالار مەحمود لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نەوەیەکی نوێ دەیەوێت ئەم کۆنگرەیە کۆنگرەیەک بێت بتوانێت لە ئاست خواستی خەڵک بێت لە بوارەکانی چاکسازیی و گۆرانکارییە سیاسییەکان، بە دڵنیاییەوە ئەم کۆنگرەیە گرنگە و چارەنووسسازە".
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئارام محەمەد قادر کە ئەندامە لە کۆنگرەکەدا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نوێبوونەوە چەمکێکی لووسە ناتوانرێت بە ئاسانی پێناسە بکرێت، من تەنیا بهوه نایبینم کە کۆمەڵێک گەنج دەچنە پێشەوە بەڵکو پێویستە دیدی تازە بێتە ناو یەکێتیی، بە مانای ئاراستەی تازە، فکری تازە، دنیابینی تازە، چونکە قۆناغەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی ھەیە بۆ ئەوەی لە سەردەمەکە دانەبڕێیت".
ئارام محەمەد قادر گوتیشی: "ئەندامانی کۆنگرە بیرلەوەبکەنەوە ئەم خەڵکە باشە بھێننە پێشەوە کە یەکێتیی پێویستی پێیەتی و جارێ گفتوگۆکان بەردەوامە، یەکێتیی برینی زۆرە و کێشەی زۆرە، ھیوادارم ئەم کۆنگرەیە ببێتە وێستگەی یەکخستن و تەبایی یەکێتیی".
لەبارەی گۆڕانکارییەکان لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئارام محەمەد قادر گوتی: "لێکتێگەیشتنی باش ھەیە و یەکێک لەو گۆڕانکاریییانەی لە پەیڕەودا کراوە، بابەتی ئەنجوومەنە کە دەبێتە ئەنجوومەنی پاراستنی پەیڕەوی یەکێتی و، بەشێک لەوانەی کە مەکتەبی سیاسیی بوون و نایانەوێت بچنەوە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی، ئەوا لەو شوێنە دەمێننەوە".
لەبارەی پەیڕەوی ناوخۆی نوێی یەکێتییشەوە، ئەندامی داڕێژەری پەیڕەوی ناوخۆ، ئاسۆ شێخ نووری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "کۆنگرەیەکی سەخت دەبێت چونکە گۆانکاریی ریشەیی دەبێت. کاتی خۆی مام جەلال وەک سکرتێری گشتیی، رابەر و کاریزمایەک خۆی هەموو شتەکانی چارەسەردەکرد و ئێمە زۆر کۆڵمان بۆ هەڵنهدەگرت، بەڵام ئەمجارە وا نییە. بۆیە دەبێ بە عەقڵی خۆمان، بە شێوهیهكی هەڤاڵانە ئەو بۆشاییانە پڕبکەیەنەوە".
لەگەڵ هەموو ئەو کەند و کۆسپانەی کە کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێگەی نوێبوونەوەدا رەنگە تووشی ببێت، بەڵام هیوای نوێبوونەوە بۆ زۆر کەسیش ئۆمێدبەخشە.
ئەندامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ژوان ئەحمەد سەعید باس لە ئەگەری پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی پێشنیازکراو لە کۆنگرەدا دەکات و دەڵێت: "گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی نوێی یەکێتیی جێگای ئومێدە".
ژوان سەعید له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامادەکاریی کراوە و راپۆرتی گشتی کۆنگرە دەخوێندرێتەوە. بڕیارە کۆنگرەکە سێ رۆژ بخایەنێت و ئەوەش پەیوەندیی بە رێوشوێنەکانی کۆنگرە هەیە. پشت به خوا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو دەکرێت و یەکێتییەکی نوێ و پێکهاتەیەکی نوێ و سیاسەت و ستراتیژییەکی نوێ دوای ئەم کۆنگرەیە بێتە ئاراوە".
پرسێکی دیکەی گرنگی ناو کۆنگرە بەشداریی ژنانی ئەو حزبەیە لە کایەی سیاسی و رێکخراوەیی حزبەکەیاندا. ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڵێسە جەبار فەرمان نایشارێتەوە کە خۆی بۆ سەرکردایەتی کاندید دەکاتەوە و دەڵێت: "کۆنگرە بڕیار لە رێژەی بەشداریی ژنان دەدات و تا ئێستا رێژهكه دیار نییە".
لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەرمین عوسمان رایگەیاند: "داوامان کردووە لە هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێژەی بەشداریی ژنان لەسەدا ٢٥ بێت".
نەرمین عوسمان گوتیشی: "رێژەی بەشدارییکردنی ژنان هەرچەندە کەمە بەڵام خۆ کاندیدکردن لەسەدا ٢٥ە و ئەمجارە داوامان کردووە لە هەموو ئۆرگانەکان رێژەکە زۆرتر بێت".
هەر لەم بارەیەوە پەروین بابەکر لەگەڵ ئەوەی رێژەی بەشداریی ژنان لە حزبەکەی بە باش دەزانێت، بەڵام دەڵێت: "رێژەکە لەسەدا ٢٥ە و ئەوە رێژەیەکی باشە. لە ئێستادا لەوانەیە نهتوانرێت لەوە زیاتر بکرێت، بەڵام هەوڵدەدرێت لەوە زیاتربێت".
کۆنگرەی چوارهمی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گوتاری بەخێرهاتنی ئەندامی لیژنەی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە، حاکم قادر حەمەجان عەزیز دەستیپێکرد.
حاکم قادر سەرەتا بەناوی ئەندامانی هەڵبژاردنی کۆنگرەی چوارەمەوە بەخێرهاتنی هەموولایەکی كرد و رایگهیاند: "بەئومێدی بەردەوامییدان بە خەباتی یەکێتیی، هەڤاڵان هەموومان ئومێدمانە کە حزبەکەمان لە مەترسییەکان بپارێزین کەئەمەش لە کۆنگرەدا دێتە دی. با هەموومان وەک ئەندامانی کۆنگرە دەنگ لەسەر ئەو پرۆژانە بدەین کە پێکەوە یەکێتی نوێدەکەنەوە، دوورکەوینەوە لە باڵباڵێن و تەکەتول".
حاکم قادر حەمەجان جەختی لەوەشکردەوە کە "یەکێتیی موڵکی هیچ دەستەو تاقمێک نییە بهڵكو موڵکی بەرەی خەباتگێڕانی گەلە بۆ بەدیهێنانی مافەڕەواکانی گەلی کوردستان".
گوتیشی: "پێویستە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی داهاتوو بێ کۆڵنەدان بەیەکگرتوویی لەسەنگەردا تێبکۆشین بۆ یەکێتیی ناو یەکێتیی. دەبێت کۆنگرە بکەینە کۆنگرەی قبوڵکردنی یەکتریی، لەپێناو ئاسوودەکردنی رۆحی مام جەلال دەست لەناو دەست کاربکەین. پێویستە ئەم کۆنگرەیە هاوسەنگی هێز دەستەبەربکاتەوە".
لە کۆتایی قسەکانیدا حاکم قادر حەمەجان رایگەیاند: "سەرجەم هیوا و ئومێدی دەرەوەی ئەم هۆڵە لەو راستییەوە دەڕوانن کە دەبێت بە بەهێزیی بڕۆینە دەرەوە بۆ بەرژەوەندیی یەکێتیی و خزمەتکردنی گەل و کەسوکاری شەهیدان".
دوای تهواوبوونی گوتارهكهی حاكم قادر، جێگری سكرتێری گشیی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆسرەت رەسوڵ عهلی گوتارێكی پێشكهشكرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە كە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەشاری سلێمانی بەرێوەدەچێت. ئەوە جێگای شانازییە بۆ هەموو لایەك. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رووبارێك خوێنی بەخشیوە لەپێناو رزگاریی كوردستان، و هێزێكە وەك جەنابی مام جەلال فەرموویەتی، 'سەفین لەبن بێت یەكێتی لەبن نایەت' ".
گوتیشی: "دەبێت لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بین و لەبەرئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە لەسەرشانی هەموومانە. پێكەوه دەتوانین شتی باش بكەین بۆ خەڵكی كوردستان".
کۆسرەت رەسوڵ عەلی جەختی لەوە کردەوە کە یەكێتیی دەستپێشخەر بووە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارتە سیاسییەكان و پەرلەمانی كوردستان و رایگەیاند: "رۆیشتنی مام جەلال بۆشاییەكی گەورەی درووستكردووە، و لەناوماندا نەماوە بەڵام رۆحی مام جەلال هەر لەناوماندایە و سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی جێبەجێ دەكەین و هەموومان تەواوكەری یەكترین و كەس لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاد نییه".
جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆسرەت ڕەسول عەلی لە گوتارەکەیدا داوای لە ئەندامانی حزبەکەی کرد لاپەڕەیەكی نوێی لەژیانی سیاسی خۆیاندا هەڵبدەنەوە و گوتی: "یەكێتی هی هەمووانە و هی یەك كەس و دوو كەس نییە. ئاییندەی یەكێتیی لەدەستی ئێوەدایە".
دواتر لیژنهیهكی پێنج ئهندامیی کە سهرپهرشتی كۆنگرهی چوارهم دهكات و خۆیان كاندیدناكەنەوه و پێكهاتن له هەریەک لە ئهرسهلان بایز، حاكم قادر حەمەجان، مهلا یاسین، پهیمان محەمەد، دلێر سهید مهجید
لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەدا هیچ میوانێکی ناوخۆیی و بیانیی بەشدارنەبوون و رێگە بە هیچ میدیایەک نەدرا، رووماڵی وردەکارییەکانی کۆنگرە بکات، تەنیا گوتارەکانی بەخێرهاتن و پێشەکی لەلایەن میدیا بینراوەکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوازرانەوە.
بەوشێوەیه سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڵوەشایەوە، لیژنهی باڵای ئامادهكاری كۆنگرهی چوارهمی یهكێتی نیشتمانی كوردستان كۆتایی به ئهركهكانی هات، لیژنه پێنج کەسییەکە ئهركی بهڕێوهبردن و سهرپهرشتیکردنی کارەکانی كۆنگرهیان لهئهستۆگرت و کۆنگرە دەستی بەکارەکانی خۆی دوور لە چاوی میدیاکان کرد.
news_share_descriptionsubscription_contact

