Rewa Mahmood Hasan
01 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2020
سلێمانی-AA رەوا حاجی
بڕیاربوو ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی گشتی (سەرکردایەتی) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجام بدرێت دوای ئامادەکردنی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە، تێیدا گفتوگۆ بکرێت لەسەر خاڵەکانی پەیڕەوی ناوخۆ کە لەلایەن لیژنەیەکی ٢٠ کەسی ئەنجوومەنەکەوە هەموار کراوەتەوە، بەڵام بەهۆکاری تەکنیکی کۆبوونەوەکە دواخرا.
ئێوارەی رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەم دوای ۷۱ سەعات کۆبوونەوە لەماوەی ۱۲ڕۆژدا وەکو لیژنەی پێداچوونەوە و هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان توانرا پڕۆژەی پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی تەواو بکرێت، بڕیاربوو ٢٩ی کانوونی دووەم کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی گشتی ئەنجام بدرێت لەوبارەیەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مستەفا چاوڕەش كە سەرۆكایەتی دووەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەكە دەكات ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتیی دواخرا بۆ رۆژی شەممە یەکی شوبات تا دوا پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکرێت و لەڕووی تەکنیکیشەوە ئامادەبکرێت بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مستەفا چاوڕەش كە سەرۆكایەتی دووەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكە دەكات، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ کرد و ئاماژەی بە رۆژی دیاریکردنی سەرۆک یان سکرتێری حزبەکەی دا.
کارەکانی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ی.ن.ک کۆتاییان هاتووە
مستەفا چاوڕەش رایگەیاند، ''هەندێک خاڵ لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هێڵرایەوە بۆ ئەوەی دوای کۆنگرە لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتییەوە گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بۆیە لە کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجومەنەکەدا کە من سەرپەرشتیم دەکرد لیژنەیەکی ٢٠ کەسی پێکهێنرا بۆ قسە لەسەر کردن و هەموارکردنەوەی، ئەوە ماوەی ٢٠ رۆژە سەرقاڵی گفتوگۆکردنن لەسەری، بڕیار بوو رۆژی رابردوو کارەکانی تەواو بکرێت و ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەن بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆکاری ئەوەی ئامادەکاری تری مابوو، کە پێدەچێت ئێستا تەواو کرابێت، کۆبوونەوەکە دواخرا، کاروبارەکان بەپێی ئەو پەیڕەوە چی دانرابێت لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت".
لەبارەی رۆژەڤی کۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی (گشتی) یەکێتییەوە، مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەکە بڕیار بوو ٢٩ی کانوونی دووەم ئەنجام بدرێت، بەڵام هەندێک کاروباری هونەری مابوو، بۆیە دواخرا بۆ رۆژانی داهاتوو و گوتی: ''لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵانەی پەیڕەو دەکرێت کە ئامادەکراون و هەمواریان بۆ کراوە کە مەرج نییە بەیەک کۆبوونەوە کۆتاییان پێ بێت، رێکارە سەرەکییەکان دەبێت پەلەی تێدا بکرێت، ئەوانە لە کۆبوونەوەی یەکەمدا بڕیاری لەسەر دەدرێت و دەکرێت بە تەوەری گفتوگۆ، هەر بۆیە کۆبوونەوەکەی ٢٩ی مانگ دواخرا چونکە ئەم ئامادەکاریانە تەواو نەبوو. لە کۆبوونەوەی داهاتوودا من بانگهێشتیان دەکەم و دانیشتنەکە دەست پێ دەکات".
لەبارەی کارەکانی دوای هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ، مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەدا کە دوای بڕیاردان لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ، کار دەکرێت بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی دەسەڵات، لە پارێزگاکان، ئنجا ناوی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی لێ دەنێن یان هەروەک مەڵبەندەکان دەمێنێتەوە، ئەوە بەپێی پەیڕەو قسەی لەسەر دەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت و ئەمانە دیاری دەکرێت''.
'' سەرۆک یان سکرتێری گشتی(ی.ن.ک) لە رۆژانی داهاتوودا دیاری دەکرێت''
لەبارەی دیاریکردنی سکرتێر یان سەرۆکی نوێی حزبەکە و رێکارەکانی دیاریکردنی، مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەوەی لە پەیڕەودا بڕیار لەسەر ناوەکەی دەدرێت کە سکرتێرە یان سەرۆک، ئەوکات کەسێکیش دەستنیشان دەکرێت بۆ پۆستەکە و رابەڕایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و گوتی: ''هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتیدا دوای بڕیاردان لەسەر ناوی سکرتێر یان سەرۆک، ئەوکات کەسێک هەڵدەبژێردرێت بۆ ئەو پۆستە و رابەرایەتی یەکێتی دەکات و ئەندامانی ئەنجوومەن بانگهێشت دەکات بۆ بەستنی کۆبوونەوەکان و بەرپرسی یەکەم دەبێت لە هەموو یەکێتی".
مستەفا چاوڕەش پێی وابوو کە لە یەک دوو کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی یەکێتیدا لەم چەند رۆژەی داهاتوودا، ئەو پۆستە دیاری دەکرێت، چونکە ناکرێت یەکێتی بەبێ سکرتێر و سەرۆکێک بڕوات بەڕێوە.
لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەکێیتی نیشتمانیی کوردستان کە کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکایەتی دەکات، مستەفا چاوڕەش ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجوومەنەکە لە کەسانێکی بەرپرسی باڵای یەکێتی پێکهاتوون، ئەوانە گەورەترین دەسەڵاتن کە لە کۆنگرەدا هەڵبژێردراون، بەردەوام رۆژانە لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گشتی لە دانیشتندان و گفتوگۆ و راوێژدا و لەنێو پەیڕەوەکەشدا جێگەی ئەو ئەنجوومەنە کراوەتەوە وەک ئەنجوومەنێکی گرنگ.