Rewa Mahmood Hasan
18 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2021
سلێمانی - AA
پاڵەوانێتی پاسکیلسواریی عێراقی لە شاری سلێمانی دەستی پێ کرد و لە یەکەم قۆناغدا بڕینی ٣٥ کم بۆ کچان لەخۆدەگرێت و تیایدا وەرزشوانێکی شاری سلێمانی لە یانەی نەورۆز، بەناوی سۆز دڵشاد یەکەمی بەدەست هێنا.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی و بە بەشداری زیاتر لە ١٦ یانەی ناوخۆیی عێراقی کە لە زۆربەی شارەکانی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئامادەبوون، پاڵەوانێتی پاسکیلسواریی ٣٥ کم بۆ کچان، بەرێوەچوو.
پاڵەوانێتیەکە لەسەر رێگای سەرەکی دووکانیان لە ناحیەی سیتەک بەڕێوەچوو کە تیایدا رێوشوێنی پێویست گیرابوویە بەر و تیایدا وەرزشکارە کچەکان بە دوو خولی هاتن و چوونی ٣٥ کم-ی پێشبرکێکەیان ئەنجام دا.
لە پاڵەوانێتیەکەدا، یانەی نەورۆز هەریەک لە پلەکانی یەکەم و دووەەم و سێیەمی بۆخۆی مسۆگەر کرد، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو.
سۆز دڵشاد ماوەی ١١ ساڵە یاریزانی پاسکیلسوارییە و بۆ پێنجەمین جار لەسەر یەک بۆتە پاڵەوانی خولی عێراق بۆ پاسکیلسواریی، ئەمڕۆش پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەمڕۆ یەکەم قۆناغی پاڵەوانێتی پاسکیلسواری بۆ ساڵی ٢٠٢١دەستی پێ کرد کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ یەکەم قۆناغی ئەمساڵە، توانیم دووبارە وەک ساڵەکانی تر پلەی یەکەمی بەدەستبهێنمەوە، زۆر سوپای یانەکەم و راهێنەرەکەم کاک سیروان دەکەم کە پاڵپشتێکی گەورەی ئێمەن.''
راهێنەری یانەی وەرزشی نەورۆز، سیروان سامی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمە یەکەمین قۆناغی خولی پاڵەوانێتیی پاسکیلسواریی عێراقە و گوتی: ''ماوەی دوومانگە سەرقاڵی مەشق و راهێنان بووین بە وەرزشوانەکانمان، پلەی یەکەممان هێنا لە هەردوو بواریی تاکەکەسی و وەک یانەش''.
ئەو راهێنەرە ئاماژە بەوە دەکات کە ١٦ یانە بەشداربوون لە پاڵەوانێتیەکەدا بۆ برینی ٣٥ کم بە پاسکیل کە بۆ دووجار هاتن و چوون توانییان ئەو رێڕەوە ببڕن.