Rewa Mahmood Hasan
18 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2021
سلێمانی - AA
هاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور جەنگی چووە دادگا و گوتەی لێوەرگیرا.
ئەمڕۆ ١٨ی ئابی ٢٠٢١، هاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور جەنگی لەسەر ئەو تۆمەتانەی لەبارەی هەڕەشەکردن لە بازرگانان رووبەڕوویان کرابوویەوە، لەگەڵ هەریەک لە براکانی، پۆڵاد و ئاسۆ جەنگی چوونە دادگای چواری لێکۆڵینەوەی سلێمانی و وەک تۆمەتبار گوتەیان لێوەرگیرا و دواتر بەکەفالەت ئازاد کران.
بەپێی زانیارییەکان، لاهور جەنگی و براکانی چەند بەڵگەیەکیان بۆ رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان کراوە، خستووەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە و دواتر بەکەفالەت ئازاد کراون.
لەو بارەیەوە، هاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور جەنگی لەهەژماری خۆی لە توڕی کۆمەڵایەتی نووسیویەتی ''دوای ئەوەی چەند تۆمەتێک ئاراستەی ئێمە و براکانم کرا، هەر بۆیە ئەمڕۆ من و براکانم چووینە دادگای سلێمانی و لە بەردەم دادوەرە بەڕێزەکاندا ئامادەبووین بۆ وەڵامدانەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەمان کرابوو، دوای وەرگرتنی گووتەکانمان و پێشکەشکردنی بەڵگە یاساییەکانمان، دادوەری بەڕێز بڕیاری ئازادکردنی داین".
پێشتر ئاژانسی ئانادۆڵو بڵاوی کردبوویەوە کە لە سێی ئەم مانگەدا و بەهۆکاری خراپ بەکارهێنانی هێز و هەڕەشەکردن لە خەڵک سکاڵایی یاسایی لەسەر هاوسەرۆکی لەکارخراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور جەنگی تۆمار کراوە.